خزمەتگوزاری دەگەیەندرێتە گەڕەكە ھەژارنشینەكان

لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی ھەولێر دەیان پڕۆژە خراونەتە بواری جێبەجێكردنەوە و سەرۆكی شارەوانیی ھەولێریش دەڵێ، پڕۆژەی خزمەتگوزاری، زیاتر بۆ گەڕەكە ھەژارنشین و نوێیەكان دەبێت.

عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانیی ھەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: “سەرۆكایەتیی شارەوانیی ھەولێر پلانی خۆی بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری داڕشتووە و ھەر 10 رۆژێك جارێك پێداچوونەوە بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتیانی سنوری شارەوانیی ھەولێر دەكرێت، بەمەیش دەتوانین زیاتر خزمەتی ھاووڵاتیانی ھەولێر بكەین، لە ئێستاشدا ژمارەیەكی بەرچاوی پڕۆژە خراونەتە بواری جێبەجێكردن و زۆربەی گەڕەكەكانی ھەولێریشی گرتووەتەوە، ئەوانەی پێویستیان بە پڕۆژە ھەیە”.

سەرۆكی شارەوانی روونیشی كردەوە: “پڕۆژەكان بەپێی پێویستیی ناوچەكانی ھەولێر دابەش كراون و لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا گەڕەكە ھەژارنشینەكان و گەڕەكە نوێیەكان لەبەرچاو گیراون، بۆ ئەوەی زۆرترین پڕۆژە تێیاندا ئەنجام بدرێن”.

عەبدولواحید ئەحمەد دەڵێت: “ئەو گەڕەكانەی تازە تاپۆ كراون، خزمەتگوزارییان پێشكەش دەكەین، بە تایبەتی گەڕەكی بەختەوەری، كە بە قەرەبووی كۆری ناسراوە، دوای تەواوبوونی قۆناغی تاپۆ، مۆڵەتی دروستكردنی خانوو بە سوودمەندانی ئەو گەڕەكە دەدرێت، ھەروەھا ژمارەیەك گەڕەكی نوێ ھەن خزمەتگوزارییان بۆ دابین دەكرێت”.

ھەواڵی زیاتر