خەڵکی شنگال لە بڕیارێکی حکوومەتی عێراق نیگەرانن

خەڵکی شنگال لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە وردبینیی ئەمنی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە نیگەرانن کە پێشتر لە مووسڵ بەهۆی بوونی تیرۆریستانی داعش و کەسانی گومان لێکراوەوە وردبینیی ئەمنی بۆ هاووڵاتییان دەکرا.

لەم بارەیەوە، خه‌یرى زیبان، چالاکی ئێزدی ڕاگەیاند: ”پێشتر حکوومەتی عێراق بۆ دڵنیابوون لە نەمانی تیرۆریستانی داعش و کەسانی گومان لێکراو کە دەستیان لە کارەستاتی شنگالدا هەبوو، وردبینیی ئەمنیی بۆ خەڵکی مووسڵ دەکرد، ئێستا بڕیاری داوە پرۆسەی وردبینیی ئەمنی نەمێنێت و بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو پرۆسەیە هەموو کەسێک دەتوانێت بگەڕێتەوە شنگال و ئەوەش بووەتەوە جێی ناڕەزایەتی و نیگەرانیی خەڵکی شنگال، لەبەر ئەوەی ئەو کەسانەی ساڵی 2014 دەستیان لە کارەستای شنگالدا هەبوو، دەگەڕێنەوە و دەبنە مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکی ئێزدی لە شنگال.”

ڕوونیشی کردەوە: ”ئێستا ترسێکی گەورە کەوتووەتە ناو خەڵکی شنگالەوە، بەتایبەتی ئێزدییەکان و مەسیحییەکان پێیان وایە ئەو بڕیارەی حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەیە کە بە ئێزدییەکان بڵێن شنگال جێی ئێوە نییە، چونکە ئەگەر خێزانەکانی داعش بگەڕێنەوە، ئێزدییەکان وەکوو چۆن تووشی ستەم بوون و کچ و ژن و منداڵەکانیان لەلایەن داعشەوە ڕفێندران، جارێکی دیکە دووچاری هەمان چارەنووس دەبنەوە، بۆیە پیویستە حکوومەتی عێراق وردبینیی ئەمنی بکات و بڕیارەکەی خۆی هەڵوەشێنێتەوە و تاکوو وردبینیی ئەمنی لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە بکات کە دەستیان لە کارەساتی شنگالدا بووە.”  

 خه‌یرى زیبان گوتیشی: ”هەڵوەشاندنەوەی وردبینیی ئەمنی بڕیارێکی مەترسیدارە لەسەر خەڵکی شنگال و ئەگەر وردبینیی ئەمنی نەمێنێت ئەوە بەو واتایەیە کە حکوومەتی عێراق بڕیاری لێبووردنی گشتیی بۆ ئەو کەسانە دەرکردووە کە ساڵی 2014  دەستیان لە کارەستای شنگالدا هەبووە، بۆیە ئێزدییەکان زۆر نیگەران بوون و ناهومێد بوون لە گەڕانەوەیان بۆ شنگال.”

هەر لەم بارەیەوە، سلێمان حەسەن، بەرپرسی لیژنەی پارتی لە شنگال دەڵێت: ”بە گشتی هەموو پێکهاتەکانی شنگال لەو بڕیارە ناڕازین، چونکە وردبینیی ئەمنی نەبێت داعش دەگەڕێتەوە ناو شنگال و لە کاتێکدا خەڵکی شنگال هەتا ئێستا لەژێر خێوەتدا ماونەوە و بەهۆی ئاڵۆزیی ڕەوشی شنگالەوە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە شارەکەی خۆیان و دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری وردبینیی ئەمنی بە یەکجاری ناتوانن بگەڕێنەوە شنگال.”

ھەواڵی زیاتر