شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

كچێكی كورد ده‌بێته‌ یه‌كه‌می ئه‌كادیمیای ساندهێرستی سه‌ربازی شاهانه‌ی به‌ریتانیا

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ پیرۆزبایی له‌یه‌كه‌مین كچی كوردی ده‌رچووی ئه‌كادیمیای ساندهێرستی سه‌ربازی شاهانه‌ی به‌ریتانیا ده‌كات .
وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ دووپاتیده‌كاته‌وه‌، له ‌ناوه‌ڕۆكی هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی له‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا، گرنگی زیاتر به‌ هێزی ئافره‌تان و به‌شداری ئافره‌تان له‌ دامه‌زراوه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌ده‌ن.  
ئه‌مڕۆ 9ی 11ی 2021 شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازیكرد له‌ میدیا کامەران فوئاد مەستی، پزیشك و ده‌رچووی ئه‌كادیمای ‘ساندهێرستی’ سەربازیی شاهانەی بەریتانیا. 
د.میدیا، یەکەمین کچی کورده‌ کە لە ئەکادیمیای ‘ساندهێرستی’ سەربازیی شاهانەی بەریتانیا خولی سەربازی تەواو بکات و دەربچێت.
وه‌زیری پێشمه‌رگه،‌ له‌نزیكه‌وه‌ پیرۆزبایی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی لێكرد و پاڵپشتی و پشتیوانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی بۆ به‌گه‌ڕخستنی ئه‌زموونه‌كه‌ی له‌و بواره‌ی كه‌ بڕوانامه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌وه‌زاره‌ت بۆ دووپاتكرده‌وه‌، هاوكات ده‌ستخۆشی لێكرد، كه‌ توانیوێتی وه‌ك یه‌كه‌مین كچ له‌عێراق و هه‌رێم له‌و زانكۆیه‌ ده‌ربچێت و پله‌ی ئه‌فسه‌ری دووی پێبدرێت. 
میدیا کامەران فوئاد مەستی، لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، هەمو قوناغەکانی قوتابخانەی لە سلێمانی تەواو کردووە. کولێژی پزیشکی لە کەرکوک تەواو کردووە و لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پێشمەرگە وەک پزیشک لە نه‌خۆشخانەی شۆڕش به‌دڵسۆزیه‌وه‌ كاریكردوه‌. 
دوای هه‌ڵبژاردنی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و تیمی ‘ساندهێرست’ پێشنیاری به‌شداری خولی سەربازی پێده‌درێت ، به‌شدارانی خوله‌كه‌ هه‌مویان پزیشک و پارێزەربوون، دوای به‌شداریكردن له‌  مه‌شقی به‌رده‌وام و راهێنانە سه‌ربازی و پزیشكیه‌ سه‌ربازیه‌کان و تێپه‌ڕاندنی قۆناغی سه‌خت و دژوار سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا.