بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان پێشوازی لە هونەرمەندی ناوداری سووریا ڕەنا شمەیس کرد

د. سالار عوسمان، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە هونەرمەندی ناوداری سووریا، خاتوو “ڕەنا شمەیس”.

لە دیدارێکدا گفتوگۆ لە بارەی پرسە هونەری و ڕۆشنبیرییەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم کاری هونەری لە کۆمەڵگە ناسەقامگیرەکان و پەیامی هونەر لە سەردەمی شەڕ و ململانێ چەکدارییەکان کرا.
هەردوولا وێڕای باسکردنی گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم کاری هونەر، جەختیان لە گرنگی پێشخستنی پەیوەندی کولتووری و هونەری و ڕۆشنبیری نێوان گەلان و پێکهاتە دێرینەکانی ناوچەکە کردەوە لە پێناو بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی باشتر و چەسپاندنی بنەماکانی یەکدی قبووڵکردن و بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە.
هونەرمەندی ناوداری بواری دراما و شانۆ لە سووریا، ڕەنا شمەیس، لە 1984 لەدایکبووە و دەرچووی پەیمانگەی باڵای هونەرەکانی شانۆیە لە سووریا و لە بواری نواندن و شانۆ و دەرهێنانی زنجیرە دراما و دۆبلاژدا کار دەکات و لە 2003دا بۆ یەکەمجار لە درامای “الخیط الأبیچ” بەشداریکردووە و تا ئێستا لە ماوەی تەمەنی هونەری خۆیدا بەشداری لە زیاتر لە 50 درامادا کردووە، جگە لە بەشداریکردنی لە دەرهێنان و نواندنی چەندین شانۆگەری و زینجیرە درامای دۆبلاژکراودا.

ھەواڵی زیاتر