ئەمڕۆ یەكشەممە 2022.11.27 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بۆ تەواوكردنی بەرنامەی دیدار و كۆبوونەوەكانی هەفتەی ڕابردووی لەگەڵ سەركردە سیاسییەكانی عێراق، بە سەردانێكی یەك ڕۆژە دەچێتەوە بەغدا.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو پاش دیدار و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەڕێزان سەركۆمار و سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ و ژمارەیەك لە سەركردەی سیاسی و بەرپرسانی باڵای وڵات، نێچیرڤان بارزانی بەرنامەی ڕۆژی دووەمی دیدار و كۆبوونەوەكانی هەڵوەشاندەوە و گەڕایەوە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بەشداریی پرسەی قوربانییانی ڕووداوە دڵتەزێنەكەی تەقینەوەی غاز لە دهۆك بكات.
بڕیارە لە سەردانی ئەمڕۆیدا نێچیرڤان بارزانی بەرنامەی سەردانەكەی بۆ بەغدا تەواو بكات و لەگەڵ ژمارەیەكی دیكە لە سەركردە و بەرپرسانی باڵای عێراق دیدار و كۆبوونەوە ئەنجام بدات.