واجار، دادگای کەرکووک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەو وەبەرهێنەرە دەرکرد، کە لە عەلوەی خانخورمای شاری کەرکووک، سەرانەی لە دوکاندارەکان و کاسباکاران وەردەگرت.
ماوەیەکی زۆرە وەبەرهێنەرێک لەگەڵ ژمارەیەک گرووپی میلیشیایی، لە عەلوەی خانخورمای شاری کەرکووک سەرانەیان لە دوکاندارەکان و هەروەها ئەو میوەفرۆش و کاسبکارانە دەستاند، کاتێک کە سەوزە و میوە و خواردەمەنیی دیکەیان لەو عەلوەیە بکڕیبوایە و لەوسەری عەلوەکەوە کابینەیەکیان دانابوو، لەوێ بەپێی بارەکە پارەیان لێ دەستاندن.
دوکاندارەکان و کاسبکاران دادوبێدادیان بوو بەدەست ئەو سەرانە وەرگرتنەوە و چەند جارێک خۆپیشاندان و ناڕەزاییان دەربڕی و پاشان لە دادگا سکاڵایان لەسەر ئەو وەبەرهێنەرە کرد، لەپای وەرگرتنی سەرانە لە خەڵک.
بەپێی نووسراوێکی دادگای لێکۆڵینەوەی کەرکووک،، تێیدا هاتووە: ”تۆمەتباری هەڵهاتوو (ه، م) بەپێی مادەی 452 فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، بۆیە هێزێکی پۆلیس دەست بکات بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو تاوانەی، کە لە عەلوەی خانخورما کراوە، هەروەها ئەو پسوولانەش بێنن، کە لە رێگەیانەوە پارە لە خەڵک وەرگیراوە.“
لە کەرکووک، لە زۆر شوێنی شارەکە سەرانە لە خەڵک وەردەگیرێت و یەکێک لەو شوێنانەش عەلوەی خانخورمای شارەکەیە