پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

حاکم حەمدی گلی: یەکێتی بەرپرسیارە لە تیرۆرکردنی عەقید هاوكار جاف

دادوەرێكی پێشووی دادگای سەربازیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رای دەگەیەنێت، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و خودی سەرۆكی ئەو حزبە، لە تیرۆركردنی عەقید هاوكار جاف، ئەفسەری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارن. 

ڕۆژی 7ی 10ی 2022، عەقید هاوكار جاف لە شاری هەولێر تیرۆر كرا، دوای كەمتر لە 24 كاتژمێر، بەشێك لەوانەی لە كردەوە تیرۆریستییەكە تێوەگلابوون، دەستگیر كران و دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە بەڵگەی ڤیدیۆیی تەواو، وردەكاریی ڕووداوەكەی سەلماند و دەستگیركراوەكانیش دانیان بەوەدا نا كە بە فەرمانی بەرپرسانی باڵای دژەتیرۆری یەكێتییەوە، كردەوە تیرۆریستییەكەیان ئەنجام داوە، كەچی نزیكەی 50 رۆژ بەسەر ئەو تاوانەدا تێپەڕ دەبێت، وێڕای فەرمانی دادوەر، هێشتا بافڵ تاڵەبانی و یەكێتی ئامادە نین تۆمەتبارانی كردە تیرۆریستییەكە ڕادەستی یاسا بكەن.

لەمبارەیەوە حاکم حه‌مدی گلی، دادوەری پێشووی دادگای سه‌ربازیی یه‌کێتی ڕاگەیاند، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، کۆمەڵێک کێشەی گەورەی ھەیە، چونکە ”حزبەکەی بووە بە دارەدەستی وڵاتێكی هەرێمی، ھەروەھا بووەتە چەندین باڵی جیاواز و زۆربەی كادیر و تەنانەت سەركردەكانی ئەو حزبەش لە سیاسەتی ئێستای یەکێتی ڕازی نین، كەچی ئەوانەی لە ماڵەوە دانیشتوون و دوو قسەی باش دەکەن، یەکێتی بەوە تۆمەتباریان دەکات گوایە چوونەتە ڕیزی حزبی دیكەوە.“

باسیشی لەوە كرد كە یەكێتی و خودی سەرۆكی ئەو حزبە ”بەرامبەر بە تیرۆركردنی عەقید هاوكار جاف بەرپرسیارن، ئەگەر لەسەر داڵدەدانی تۆمەتباران بەردەوام بن و ئەوانەی كردەوەكەیان ئەنجام داوە، رادەستی یاسا نەكرێن، ئەوا یەكێتی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش تووشی كێشەیەكی گەورە دەبێتەوە، چونكە داڵدەدانی ئەوانەی لە تیرۆرەوە دەگرێن، تاوانێکی گەورەیە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەم بنەمایە بڕیار لە پەیوەندییەكانی دەدات.“

حام حەمدی گلی، ئاماژەی بەوەشکرد، کەیسی تیرۆرکردنی عەقید ھاوکار جاف، کەیسێکی مەترسیدارە و یەکێتی لێی بەرپرسیارە، چونکە بەپێی بەڵگەی دانپێدانانی ئەنجامدەرانی تاوانەکە بەشێکی زۆری تۆمەتبارەکان لە سنووری سلێمانی دان، دواجار ئەو کردەوەیە پەردەپۆش ناکرێت، چونکە  لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر کەیسی تیرۆرکردنی عەقید ھاوکار جاف دەكرێت.