دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەردانی بەغدای کرد و چەندین دیداری جیاجیای لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی فیدراڵ ئەنجام دا، ئەمڕۆ ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێوەرۆکی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانیی بۆ بەغدا ئاشکرا کرد.
دڵشاد شههاب، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 23/11/2022 لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ”کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر بنەمایەکی هاوبەش پێک هاتووە و لایەنە سەرەکییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تێیدا بەشدارن و کارنامەیەکی باش بۆ ئەو کابینەیە ئامادە و پەسند کراوە و دەنگی لەسەر دراوە و تێیدا داواکاریی لایەنە جیاجیاکان، بە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە جێگیر کراون بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.”
ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختیشی کردەوە: ”بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو کارنامەیە بێت کە دانراوە و سەرکەوتنی کابینەی بەڕێز سوودانی و کردنەوەی دەرگای دانوستانی بەردەوام، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و گفتوگۆ لەسەر کۆمەڵێک بابەتی گرنگ کرا، لەوانە ڕێککەوتن لەسەر بودجەی 2023 و یاسای نەوت و غاز و هێزی پێشمەرگە و ئەو هەڕەشانەی لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان هەن.”
دڵشاد شەهاب گوتیشی: ”نێچیرڤان بارزانی لەو سەردانەیدا چاوی بە سەرکۆمار و سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری و وەزیری پلاندانان و وەزیری دەرەوە و وەزیری نەوتی عێراقی فیدراڵ و چەند لایەنی سیاسی کەوت بۆ ئەوەی پێکەوە بگەنە خاڵی هاوبەش بۆ سەرکەوتنی حکوومەتی سوودانی و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.”