پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

مەسرور بارزانی: وڵاتانی دراوسێ دڵنیادەکەینەوە کوردستان شوێنی سەقامگیرییە و جێی مەترسیی نییە

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی کردنەوەی قۆناغی دووەم و سێیەمی شەقامی 150 مەتری هەولێر گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: بیانووی جیاجیا دۆزراوەتەوە بۆ ئەوەی پەلاماری خاکی هەرێمی کوردستان بدرێت، وڵاتانی دراوسێ دڵنیادەکەینەوە کە کوردستان شوێنی سەقامگیرییە و جێی مەترسیی نییە، ئێمە بە هیچ شێوەیەک نامانەوێت سەقامگیریی و ئاسایشی هیچ وڵاتێک تێکبچێت، هیوادارین ئەوانیش بە هەمان چاو سەیری دۆستایەتی کوردستان و خەڵکەکەی بکەن.

دەقی وتاری مەسرور بارزانی:

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەکەم

جێی شانازی و دەستخۆشییە کە دەبینین پڕۆژەیەکی وا بە ستانداردێکی نێودەوڵەتی، بە توانای ئەندازیارانی کوردستانی و کۆمپانیایەکی خۆماڵی جێبەجێ دەکرێت، پیرۆزە لە خەڵکی کوردستان بەتایبەتی خەڵکی هەولێر، من دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار کۆمپانیای هێمن گرووپ دەکەم بۆ ئەم کارە جوانەی کە ئەنجامیانداوە هیوادارم بتوانین لە داهاتوودا بەشەکانی دیکەی شەقامی 150 مەتری تەواو بکەین کە هەموو بازنەکە بەیەک ببەسترێتەوە، بێگومان دروستکردنی ئەم پڕۆژەیە ئاسانکارییەکی زۆر دەکات بۆ هاووڵاتییان ئەوانەی لە پارێزگاکانی دیکە وەکو دهۆک و سلێمانی کە دێن بۆ هەولێر بەبێ ئەوەی بڕۆن بۆ ناوشار دەتوانن هەر بەم شەقامە سەفەر بکەن و رێگەیان ئاسانتر و خێراتر بێت، هەروەها ئاسانکارییەکی زۆر بۆ جوڵەی بازرگانی دەکات و جەنجاڵی و قەرەباڵغی بۆ هاووڵاتییان کەمدەکاتەوە، هیوادارم هاووڵاتییان رەچاوی ئەوە بکەن کە ئەم شەقامانە بۆ خزمەتگوزاری ئەوانە، دەبێ ئەوانیش خۆیان لە تیژڕەوی بپارێزن رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، پۆلیسی هاتووچۆ لەبەرچاو بگرن، بۆ پاراستنی ژیانی زۆیان و کەسوکاریان و ئەو کەسانەی لەسەر شەقامەکە هەن.

 بەرنامەی کردنەوەی ئەم پڕۆژەیە ماوەیەکە دانراوە، هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا تووشی هەندێک رووداوی نەخوازراو بووین، بەڵام پێمان باش بوو ئەم بەرنامەیە دوانەکەوێت، پێشانی هەموو لایەک بدەین ئیرادەی بەهێزی گەلەکەمان و حکومەتەکەتان بەردەوام دەبێت، کە ئێمە ئەو خزمەتگوازیانە لەکاتی خۆی ئەنجام بدەین و هیچ شتێک نەتوانێت بمان وەستێنێت، راستە لە زۆر رووەوە هەوڵی ئەوەدراوە رێگریمان لێ بکرێت کە بەرنامەی حکومەت و کارە خزمەتگوزارییەکان وەکوخۆی جیبەجێ بکەین، هەندێکی بە ئەنقەست بووە و هەندێکیشی رووداوی نەخوازراوبوون، بەڵام سەرەڕای ئەمانە هەمووی ئێمە بەردەوام دەبین جێبەجێکردنی بەرنامەی خزمەتگوازی بۆ هاووڵاتیان، رووبەڕووی هەموو قەیرانەکان دەبینەوە، پشتمان بە خوای گەورە قایمە و سوپاسی پشتیوانی بەردەوامی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەم لە حکومەتەکەتان، کە بەردەوام ئێوە هاندەربوون بۆ ئەوەی ئێمە رووبەڕووی هەموو ئەو قەیرانانە ببینەوە.

بەداخەوە بینیمان لە ماوەی رابردوو دیسان کوردستان مووشەکباران کرا و رووبەڕووی هەندێک هێرشی ناڕەوا بووینەتەوە، کە بیانووی جیاجیا دۆزراوەتەوە بۆ ئەوەی پەلاماری خاکی هەرێمی کوردستان بدرێت و پێشێلی سەروەریی خاک و نیشتمانەکەمان بکرێت، کە ئەمە بە هیچ شێوەیەک هیچ جۆرە کێشەیەک چارەسەر ناکات، هیوادارین ئەم جۆرە پێشێلکاریانە کۆتاییان پێبێت، ئێمە بەردەوامبووین لە قسەکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق، جارێکی دیکە داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین سنوورێک بۆ ئەم هێرشە ناڕەوایانە دابندرێت کە دەکرێنە سەر خاکەکەمان و، ئەو دەستدرێژیانەی دەکرێنە سەر وڵاتەکەمان کۆتاییان پێبێت.

ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی کارە خزمەتگوازییەکانی خۆمان ئەنجام بدەین، ئەجندای حکومەتەکەی خۆمان جێبەجێ دەکەین، دووبارە هەموو وڵاتانی دراوسێمان دڵنیا دەکەینەوە کە کوردستان شوێنی سەقامگیرییە و جێی مەترسیی نییە، ئێمە بە هیچ شێوەیەک نامانەوێت سەقامگیریی و ئاسایشی هیچ وڵاتێک تێکبچێت، هیوادارین ئەوانیش بە هەمان چاو سەیری دۆستایەتی کوردستان و خەڵکەکەی بکەن، هاوکار و پاڵپشتمان بن، ئەوەی بە پاڵپشتی و هاوکارییەوە بەدی دێت بێگومان بە چاوی گومانەوە بەدی نایەت، ئێمە کە دەستی دۆستایەتی درێژ دەکەین ‌هیوادارین لایەنەکانی دیکەش بەو چاوە وەکو دۆست مامەڵەمان لەگەڵ بکەن، ئێمەن بە هەموو شێوەیەک سەرکۆنەی هەر دەستدرێژییەک دەکەین کە دەکرێتە سەر خاکەکەمان.