چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

راگه‌یه‌ندراوێك له‌ فه‌رمانده‌یى پێشمه‌رگه‌ى زێره‌ڤانییه‌وه‌

چه‌ند رۆژێكه‌ ( ئه‌دهه‌م بارزانى ) له‌ رێى چه‌ند ماڵپه‌ڕ و په‌یجێكی جۆراوجۆره‌وه‌ له‌ نێو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا باس له‌ كه‌سێك به‌ ناوى ( فرید عبدالعزیز بازى ) ده‌كات كه‌ گوایه‌ به‌رپرسى پاسه‌وانه‌كانى بووه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كى نادیار له‌لایه‌ن ده‌زگایه‌كى ئه‌منى هه‌رێمه‌وه‌ رفێندراوه‌.فه‌رمانده‌یى پێشمه‌رگه‌ى زێره‌ڤانى سه‌رله‌به‌رى ئه‌م بانگه‌وازه‌ چه‌واشه‌كارى و بێبنه‌مایه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ ( فرید عبدالعزیز احمد) پێشمه‌رگه‌ى لیواى 3ى فه‌رمانده‌ییه‌كه‌مانه‌, ناوبراو له‌ مانگى (6ی ساڵی 2022)ه‌وه‌ بێ ئاگادارى و ره‌زامه‌ندى سه‌رووترى, ئه‌ركى خۆى به‌جێهیشتووه‌ و دواتر گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ى وڵاتی كردووه‌ بۆیه‌ وه‌كوو هه‌ر حاڵه‌تێكى تر به‌ پێی یاساى سه‌ربازیی مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا كراوه‌ و ئه‌و سه‌رپێچییه‌ى ناوبراو به‌ ( هه‌ڵاتوو) ئه‌ژمار كراوه‌ له‌و كاته‌دا پاڵپشت به‌ مادده‌ى (5) له‌ یاسایى بنه‌ماى دادگاییكردنى سزایى هێزه‌كانى ئاسایشى ناوخۆ ژماره‌ (17)ى ساڵى 2008 بڕیارى ده‌ستگیركردنى دراوه‌ و له‌ رێككه‌وتی 10ی11ی 2022 به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ داموده‌زگا فه‌رمییه‌كانى ترى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستگیر كراوه‌ و ده‌ست به‌ جێ له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌ییمانه‌وه‌ خانه‌واده‌كه‌ى له‌ هۆكارى ده‌ستگیركردنى ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌.
فه‌رمانده‌یى پێشمه‌رگه‌ى زێره‌ڤانى هه‌موو لایه‌ك ئاگادارده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌شێوه‌ى یاسایى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ناوبراودا كراوه‌ و جگه‌ له‌و راستییانه‌ى له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ى پێدراوه‌ هه‌ر جۆره‌ باسێكى تر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بگوترێت دووره‌ له‌ راستى, بۆیه‌ ئه‌م دۆسیه‌یه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێكه‌وه‌ نییه‌ و رێگا نادرێت بۆ مه‌به‌ستى راكێشانى سه‌رنجى هاووڵاتیان و مه‌رامى چه‌واشه‌كارى و سیاسى به‌كاربهێنرێت.

رۆشنبیری و راگه‌یاندنی

فه‌رمانده‌یی پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانی
22/11/2022