كوردی،ئاخر بڵێ چییە‌ عە‌یبی؟!لە‌ڕێی زمان و پێناوی كوردایە‌تیدا.

ئامانج شاكەلى

باسی هەولێر دەکەم، کارم بە شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێم نییە. ئاخر هەولێر پاتەختە و دەبێ نموونەی چاولێکراوی گشت هەرێم بێت. مەبەستم ئەو کارەساتە ماڵوێرانکەرەیە وەک زنجیری ئاگرین لە ئەستۆی زمانی کوردی خراوە. سووکایەتی و بێڕێزییەک ئەمڕۆ و لەسایەی دەستەڵاتی کورددا بە زمانی کوردی دەکرێت، هەرگیز لە مێژوودا وێنەی نەبووە! لە زمانی وێران و سەقەتی ناوەندە مێدیاییەکان گەڕێ. هەقت بە نامە و نووسراوە ڕەسمییەکانی داوودەستە حکوومەتی و ناحکوومەتییەکانەوە نەبێ. هێڵێکی ڕاست و چەپ بەسەر کتێبی قوتابخانە و پەیمانگە و زانستگەکاندا بهێنە. تەنها پیاسەیەکی شەقام و بازاڕەکان بکە و چاوێک لە تابلۆی دووکان و چێشتخانە و کۆمپانیا و.. بکە تا گەورەیی کارەساتەکەت بۆ دەرکەوێت. ئەو تابلۆیانە یان بە زمانێکی کوردیی نالەباری ناڕێکی نادروست، یاخود بە زمانێکی عەرەبی “فصیح” نووسراون و چ باسێک لە زمانی کوردی نییە! نازانم و ناتوانم تێبگەم ئەم سووکایەتی گاڵتەجاڕییە لە پای چی و بۆ؟!
ئەی ئەو هەموو خەبات و خوێن و شۆڕش و ماڵوێرانییانەی کردمانن، بۆچی بوون؟! ئەی بڕیار نەبوو پێش هەموو شتێک زمان و فەرهەنگی کوردی بپارێزین؟!
دەبوایە لە سنووری هەرێمی کوردستاندا زمانی کوردی وەک زمانی پلە یەک و ڕەسمی مامەڵەی لەگەڵ کرابایە. تابلۆی هەموو شوێنەکان دەبوو بە زمانی کوردی و پاشان بە فۆنتی بچووکتر بە زمانی عەرەبی یان ئینگلیزی نووسرابان. لێرەشدا دەردە بێدەرمانەکەی گرێی خۆبەکەمزانیی کورد بووەتە لەمپەری پابەندبوون بەو مافە سرووشتی و هەقە ڕەوایەی خۆمان! باشە بە گوێرەی کام قانوون و بە پێی کام بنەما دەیان و تابلۆی ناوی سەدان شوێنی بازرگانی و چی و چی تەنها بە عەرەبی نووسرابن؟! ئەی ئێرە کوردستان نییە؟ هەولێر پاتەختی هەرێمی کوردستان نییە؟! لە دەستووری عێراقدا زمانی کوردی وەک دووەم زمانی ڕەسمیی عێراق و یەکەم زمانی ڕەسمیی کوردستان دەستنیشان نەکراوە؟! سەیر و سەمەرە لەوەیدایە هەموو ئەو شوێن و کۆمپانیایانە مۆڵەتی ڕەسمییان لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی سەر بە حکوومەتی هەرێم وەرگرتووە، دەی خۆ زەوی لە مەداری خۆی دەرناچێ، ئەگەر مەسەلەی بەکارهێنانی زمانی کوردی، وەک مەرجێک بۆ وەرگرتنی مۆڵەت دابنرێت! ئایا کوردێک بۆی هەیە لە بەغدای پاتەختی عێراقدا تەنها بە زمانی کوردی ناوی دووکان، یان کۆمپانیاکەی بنووسێت؟! لەوەش سەیر و سەمەرەتر، کە دەچیتە چێشتخانە یان کۆمپانیایەک، هیچ کەس لە فەرمانبەر و سکرتێر و خاوەن و تەنانەت چایچی و پاککەرەوەکانیش کوردی نازانن!

ئەمەیە پێی دەگوترێ نامۆی سەر خاک و ناو ماڵی خۆت. کابرا لە وڵاتی خوێدا کاری چنگ ناکەوێ، ئارامی و ئاسایشی لێ داگیرکراوە، هاتووە لێرە دەژی و کار دەکات، کەچی ئامادە نییە فێری زمانەکەم بێت! لە کوێی دنیادا شتی وا هەیە؟!

گوتمان لێبووردەیی و پێکەوەژیان نیشانەی شارستانەتی و هۆشیارییە، بەڵام بەو ڕادەیەش نا کە کوڕی خۆمان بکەین بە ساقەی کچی خەڵکی. کاربەدەستە گەورەکانی هەرێم! زمانی کوردی کۆڵەکەی بوون و مانەوەمانە. تکایە ئەم تەعریبە ڕاگرن، تاوەکو لەناو ماڵ و سەر خاکی خۆماندا نەبووینەتە بە پەنابەر!

ھەواڵی زیاتر