گۆڕانکاریەکی زۆر لە دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر كرا

هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر ئەنجامدرا و گۆڕانکارییەکی زۆر لە کارگێڕی ئەو یانەیە ڕوویدا، بۆ یەکەمجار دوای ساڵانێکی زۆر بەشێکی زۆری ئەندامانی پێشوو، دەنگی پێویستیان بە دەست نەهێناو نەیانتوانی ببنەوە ئەندامی دەستەی کارگێڕی، ٧ کەس بۆ یەکەمجار متمانەی دەستەی گشتیان پێدراو بوون بە کارگێڕی یانەی هەولێر.

کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە هەڵبژاردنەکە ڕوویدا
دوای دووجار دواخستنی هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر دواجار لە ٧ ی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی ده‌سته‌ی کارگێڕی یانەی هەولێر ئەنجامدرا، کە یەکێک بوو لە درێژترین هەڵبژاردن و زیاتر لە ٧ کاتژمێری خایاند، هەڵبژاردنەکە لە هۆڵی ڕۆشنبیری زانکۆی سەلاحەدین ئەنجامدرا تیایدا لە کۆی ٣٠٦ ئەندام کە مافی دەنگدانیان هەبوو، ٢٦٣ کەس دەنگیاندا، هەریەک لە پارێزگای هەولێر و سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان و ژمارەیەک کەسایەتی لە هەڵبژاردنەکە ئامادە بوون.
دوای ئەوەی کە چەند کەسێک لە خۆ کاندید کردن بۆ دەستەی کارگێڕی یانەکە پاشەکشەیان کرد، ٢٤ کەس مانەوە و خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکە کاندید کرد، لەبەر ئەوەی لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکە هەر یەک لە عەبدوڵڵا مەجید، سەلاحەدین سیامەند، ئەحمەد شکور، دەنگی پێویستیان هێناو بەفەرمی بوون بە ئەندامی دەسەتی کارگێڕی یانەی هەولێر، هەڵبژاردنەکە چووە گەڕی دووەم ٦ ئەندامی تر بوون بە دەستەی کارگێڕی یانەکە، لە کۆی ٩ کەس حەوت کەسیان بۆ یەکەمجارە پۆستی کارگێڕی یانەکەیان وەرگرت، تەنیا عەبدوڵڵا مەجید و مەحەمەد خۆشناو ئەندامی پێشووی یانەکە جارێکی تر لە هەڵبژاردنەکە دەرچوون، لەماوەی داهاتوویشدا پۆستی سەرۆک و جێگر و ئەندامانی یانەکە دیاریدەکرێن.

ژمارەی دەنگەکان بەمشێوەیە بوو
دوای هەڵبژاردنەکە ئەو ٩ کەسە بوون بە ئەندامی دەستەی کارگێڕی و دەنگی پێویستیان بەدەستهێنا، کەبەمشێوەیە بوو:
١-عەبدوڵڵا مەجید ١٦٢ دەنگ
٢- سەلاحەدین سیامەند ١٤٩ دەنگ
٣- ئەحمەد شکور ١٢٩ دەنگ
٤- وەلید عارەب ١١١ دەنگ
٥- ئاڵا دێدەوان ١٠٦ دەنگ
٦- تەها قادر١٠٥ دەنگ
٧- مۆفەق یونس ١٠٣ دەنگ
٨- دیدار حامد ٩٢ دەنگ
٩- مەحەمەد خۆشناو ٧٤ دەنگ
هەریەک لە موسا موحسین، بێجان ئیبراهیم، ڕێبوارمحێدین بە ئەندامی یەدەگ دیاریکران.

ھەواڵی زیاتر