مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیانی رووداوی تەقینەوەکەی غاز لە دهۆک دەربڕی.
لە پەیامی جێگری سەرۆکی هەرێم هاتووە: “بەداخێکی زۆرەوە دیسان رووداوی دڵتەزێنی تەقینی تانکی غاز، شەوی رابردوو لە بەشی ناوخۆیی خوێندکاران لە شاری دهۆک دڵتەنگ و خەمباری کردین”.
مستەفا سەید قادر، لەو پەیامەدا راشیگەیاند: “بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و هاوخەمی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیانی رووداوەکەی دوێنێ شەوی شاری دهۆک دەکەین، کە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، داواکارین لە یەزدانی مەزن رۆحی کۆچکردوان بە بەهەشت شادبکات و سەبر و ئارامی بە کەسوکاریان ببەخشێت، هیوای زووچاکبونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین”.