پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە باڵوێزی چین لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 22ی نۆڤێمبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە تسوی وی باڵوێزی چین لە عێراق کرد.

باڵوێزی چین، ستایشی هاوکاری و هەماهەنگیی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، بەتایبەتی لە بواری پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و برەودان بە وەبەرهێنان و ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و چین.

سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و نەهێشتنی بیرۆکراتی و کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەکەدا کە نی ڕووچی کونسوڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ بەپێی ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و کارنامەی وەزاری حکوومەت و دەستوور، تاوتوێ کرا.