ڕائیب جادر – هەولێر
لە درێژەی کار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەمساڵ بەگوژمەی سەدان ملیۆن دینار چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای رواندز جێبەجێکراون، ھەندێک لە پڕۆژەکانیش لە قۆناغی جێبەجێکردندان. قایمقامی شارەکەش دەڵێ، دوای ئەوەی سۆران بووە ئیدارەی سەربەخۆ، کارئاسانیەکی زۆری بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان کردووە، ئەوەش وا دەکات لە داھاتوودا پڕۆژەی ستراتیژی لە سنوورەکە جێبەجێ بکرێن.
ئەحمەد قادر، قایمقامی رواندز، بۆ ھەولێر، گوتی:” دوای ئەوەی سۆران بووە ئیدارەی سەربەخۆ، ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەکان راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئیدارەکە دەکەن، ئەوەش کارئاسانیەکی زۆری بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان کردووە، ئەوەش کاریگەری زۆر باشی ھەبوو و، توانیومانە بەشێکی گرنگی خزمەتگوزاریەکان بگەیەنینە ھاووڵاتییان.
قایمقامی رواندز، گوتیشی:” لە سنووری رواندز ئەو پڕۆژانەی جێبەجێ کراون، ھەموو سێکتەرێکی لەخۆ گرتووە، زۆربەی رێگاوبانەکان چاککراون، بە رێگای کۆڵان و گوندەکانیشەوە، پڕۆژەی ئاو بۆ ئەو شوێنانە دابینکراوە کە کێشەی ئاویان ھەبووە، ھەروەھا لە بواری کارەبا کاری باش کراوە، وێستگەیەکی کارەبا لە حافیز دادەنرێت، کۆمەڵێک پڕۆژە وەکو کۆنکرێتکردن و ئاوەڕۆ خراونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، ئەو پڕۆژانەش بە سەدان ملیۆن دیناریان بۆ دابینکراوە، واتە ھەڵمەتێکی باشی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان ھەیە، ھەموو ئەو پڕۆژانەش لەدوای ئەوەی سۆران بووە ئیدارەی سەربەخۆ کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە، ئۆمێد دەکەین لە ساڵانی داھاتوو پڕۆژەی ستراتیژی بکەونە واری جێبەجێ کردنەوە و ئەو کێشانەی ھەن لە سنوورەکە نەمێنن”.