تە‌تە‌ڵە‌كردنی سروودی ئە‌ی ڕە‌قیب

حەیدەر عەبدوڵڵا

چوارەم: تاجی ژیان

قسەکردن لەسەر وشە و دەستەواژەکانی سروودی ئەی ڕەقیب زۆرتر بەبەرەوە دەچێت و هەروا بە سێنایی کۆتایییان پێ نایەت، لێ دەمەوێ پوخت و کورتیان بکەمەوە و لە چوارچێوەی سروودەکەدا شەنوكەویان بكەم.

لە ماوەی بڵاوبوونەوەی ئەو سێ بەشەی ڕابردوو، چەندان نووسەر و خوێنەر پێوەندییان پێوە كردووم و دەستخۆشییان لێ كردووم، بە گفتوگۆ چەندان كونجی شاراوەی سروودەكەمان ڕوون كردووەتەوە. یەك لەو هاوڕێیانە بەڵێنی پێ داوم، سروودی “ئەی ڕەقیب”م بە دەستخەتی دڵدار بخاتە بەردەست، كە گوایە تا ئێستا بڵاونەكراوەتەوە. ڕاستییەكەی بەمە گەلێك كەیفخۆش بووم، چونكێ لە بەشی سێیەمدا نووسیبووم بە دەستكەوتنی دەستنووسی سروودی “ئەی ڕەقیب”، گومانی زۆرێك لە وشەكانی سروودەكە دەڕەوێتەوە، لێ كەمكردن و زیادكردنیشی، بەتەواوی ڕوون دەبێتەوە.

دڵدار لەنێو سروودی ئەی ڕەقیبدا چەند دەستەواژەیەکی بەکارهێناون، بەپێی زانیاریی من له هەموو مێژووی ئەدەبی کوردیدا بەکارنەهاتوون، لەوانە “تۆپی زەمان”، پێشتر نەختێک تەتەڵەمان کرد. هەروەها “تاجی ژیان”، ئەم دەستەواژەیە بە تاجی پاشایان و تاجی زێڕین و تاجی سەر و تاجی شاژن و چەندان شێوەی دیکە بەکارهاتووە، بەڵام بەشێوەی: “تاجی ژیان”، نەكەوتووەتە نێو نووسین، لە
دیوانی هیچ شاعیرێكیش بەرچاوم نەكەوتووە. ئاشكرایە، تاج وەک شکۆ و ڕێز دەخرێتە سەر سەری پاشا و پایەداران. لێرەدا دڵدار تاجی لەسەری كەسەكانەوە گواستووەتەوە بۆ سەری ژیان.

ئاخۆ دڵدار بە ئەنقەست ئەمەی گۆڕیوە تاكوو بە لاوی كورد بڵێ ئێوە نابێ بە خوێن و گیانی خۆتان تاج بۆ ژیانی چەند كەسێك بنەخشێنن، بەڵكە گەرەكە بۆ ژیانی هەموو خەڵكی كورد ئەم كارە بكەن. یاخود بۆ ڕێكخستنی سەروای شیعرەكە وای كردووە، چونكە سەروای زۆربەی دێڕەكانی شیعرەكە بە بە نوون كۆتایی هاتووە: زوبان، زەمان، ڕابردوومان، نیشتمان، ئاڵاكەمان، نێژران، جانفیدان، ژیان. بەكارهێنانی وشە بۆ ئەركی جیاواز، كارێكی زۆر ئاسایییە، بەتایبەتی لای شاعیران، كە هەمیشە دەیانەوێ دەربڕینی نێو شیعرەكانیان جوداواز بێت.
بەهەرحاڵ، تاجی ژیان یانی كوردستان، ئاسۆی ڕۆشنی نەوەی نوێ.
لەنێوان ئاوی حەیات و تاجی ژیان پێوەندییەكی بەهێز هەیە. لە ئافسانەكاندا هاتووە هەر كەسێك ئاوی حەیات بخواتەوە نامرێت، ئەوەتە خدر خواردییەوە و بوو بە خدری زیندە. مەحوی دەڵێت: خزر ئەگەر چاوی حەیاتی بڕیە ئاوی حەیات

من لە خاکی دەری جانانەمە هەر چاوی حەیات هەر كوردێكیش بێتە ژێر سایەی “تاجی ژیان”ی دڵدار ناونیشانی بە نەمری دەمێنێتەوە، ئەوەتە دوای نەخشاندنی تاجی ژیان دەڵێت: كەس نەڵێ كورد مردووە، كورد زیندووە زیندووە هیچ نانەوێ ئاڵاكەمان كورد دوای ئەو هەموو مەرگەسات و هەڵەت و هەڵدێرانە هەر بە زیندوویی ماوەتەوە، ڕازی ئەمەش ئەوەیە تاجی شكۆداری ژیانیان خستووەتە سەر. زیندوویی كورد ڕیشەی هەیە، ئەنوەر سوڵتانی لە كتێبی ” كاچوو، ما دانی!” دەڵێ: پێم وایە دڵدار ” سەربەندی ” كەس نەڵێ كورد مردووە، كورد زیندووە”ی لە سەعدی شیرازی وەرگرتووە.

بەگوێرەی حیکایەتەکەی سەعدی، شەوێکیان
‘کورد’ ێک زۆر “گەڵامێو” دەخوات و
لەبەر ئازاری سكی خەوی لێ ناکەوێت، پزیشكێكی دێننه سەر، پزیشكەكە دەڵێ: به هۆی ئەو خواردنه خراپە کاری تەواوه و ناگاته بەیانی و دەمرێت، بەڵام قەدەری خوا وا دەبێت، کە پزیشكەكە هەمان شەو دەمرێت و كوردەكەش چل ساڵ دوای ئەو ڕووداوە هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە:
شبی کردی از درد پهلو نخفت * طبیبی در ان ناحیت بود و گفت
از این دست کاو برگ رز میخورد * عجب دارم ار شب به پایان برد
که در سینه پیکان تیر تتار * به از ثقل مأکول ناسازگار
گر افتد به یک لقمه در روده پیچ * همه عمر نادان بر ێید به هیچ
قچا را طبیب اندر ان شب بمرد * چهل سال از این رفت و زندهست کرد كەواتە كورد هەم ئاوی حەیاتی خدری زیندەی خواردووەتەوە و هەمیش تاجی ژیانی دڵداری ناوەتە سەر، لەوا دوژمنانی یەك بە دوای یەك مردوون و دەمرن و ناویان لە كولەكەی تەڕیش دەسڕێتەوە، لێ خۆی بۆ هەتاهەتا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

ھەواڵی زیاتر