چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

وەزیری پەروەردە بریندارەكانی پارێزگای دهۆك بەسەركردەوە

وێڕای هاوخەمی بۆ شەهیدانی ڕوداوەكەی شەوی ڕابردووی پارێزگای دهۆك ، “ئالان حەمە سەعید ساڵح، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان  لە كاتژمێر 3:30 خوولەكی بەیانی ئەمڕۆ بریندارەكانی پارێزگای دهۆك بەسەركردەوە و  لە نزیكەوە لە دۆخی تەندروستی قوتابییەكانی پرسی، ئەو قوتابیە بریندارانەش كە چارەسەریان وەرگرت و مۆڵەتی بەجێهێشتنی نەخۆشخانەیان پێدرا شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابینكرا.
درەنگانی شەوی رابردوو تەقینەوە و ئاگركەوتنەوە لە باڵەخانەیەكدا روویدا كە دەكەوێتە گەڕەكی گرێ باسێ لە دهۆك و نهۆمی خوارەوەی سەمونخانەیە و نهۆمەكانی سەرەوەی بەشی ناوخۆییە كە قوتابیانی پەیمانگە تێدا دەمێننەوە.
شایانی باسە دوای ئەو چەند ڕووداوەی لە بەكارهێنانی سیستەمی غاز و ئەو كارەساتانەی لێی كەوەتەوە، لەپێناو سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان و لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی ئەو سیستەمە ‌و لێكەوتەكانی، درەنگانی شەوی رابردوو مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەرۆكی حكوومەت فەرمانی كرد، هەموو جۆرێك لە كاركردن بەو سیستەمی غازە ڕابگیرێ و نابێ بەهیچ جۆرێك بەكار بهێنرێت.