سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

قەتەر زیاتر لە 200 ملیار دۆلاری لە پێناو ئامادەکاری مۆندیال خەرجکردووە

ئێواره‌ی دوێنێ مۆندیالی 2022ـی قەتەر وه‌كو بیست و یه‌كه‌مین وه‌شانی مۆندیال له‌ مێژوودا دەستی پێكرد و لە یاریی یەکەم هەردوو هەڵبژاردەی قەتەری میواندار و ئیکوادۆر رووبەڕووی یەکتری بوونه‌وه‌، وڵاتی قه‌ته‌ر زیاتر لە 200 ملیار دۆلاری لە پێناو ئامادەکاری مۆندیالەکە خەرجکردووە و دەیانەوێت ریکۆردی زۆرترین ئامادەبوو لە مێژووی مۆندیال بشکێنن.

دوازدە ساڵ لەمەوبەر قەتەر توانی زۆرینەی ئەندامانی فیفا رازی بکات، بۆ ئەوەی ئەمساڵ میوانداریی مۆندیال بکەن، هەر چەندە هەر زوو چەند وڵاتێک تاوەکو ئێستاش دژایەتی بەڕێوەچوونی مۆندیال لەم وڵاتە بچووکە دەکەن، بەڵام ئەوان توانیان ئامادەکارییەکی باش بۆ گرنگترین روداوی وەرزشی جیهان بکەن.

لەم مۆندیالەش 32 هەڵبژاردە بەشداری دەکەن، هەر هەموو هەڵبژاردەکان دابەشی سەر هەشت کۆمەڵە کراون، شازدە هەڵبژاردە لە قۆناغی یەکەم سەردەکەون و شازدە هەڵبژاردەش لەم قۆناغە ماڵئاوایی دەکەن.

قەتەرییەکان دەڵێن زیاتر لە 200 ملیار دۆلاریان لە ئامادەکارییەکانی مۆندیال خەرجکردووە، جاری یەکەمە لە مێژووی سەد ساڵەی ئەم پاڵه‌وانێتییه‌، پارەیەکی وەها زۆر لە ئامادەکاری مۆندیال خەرج بکرێت، به‌مه‌ش قه‌ته‌ر هێنده‌ی زیاتر له‌ هه‌ر چوار مۆندیاله‌كه‌ی رابردوو پاره‌ی زیاتر خه‌رج كردووه‌.

لە دوای ساڵی 2002 کە مۆندیال لە هەردوو وڵاتی ژاپۆن و کۆریای باشوور بەڕێوەچوو، جاری دووەمە لە مێژوودا ئەم روداوە گەورەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەچێت، بەڵام جاری یەکەمە لە مێژوودا جامی جیهانی لە وڵاتێکی عەرەبی بەڕێوەبچێت.

له‌ مۆندیالی قه‌ته‌ر بە گشتی 64 یاریی دەکرێن و هەر هەڵبژاردەیەکیش ببێتە پاڵەوان ئەوا حەوت یاریی ئەنجام دەدات و یاریی کۆتاییش لە رۆژی 18ـی مانگی داهاتوو دەکرێت.

مۆندیالی قه‌ته‌ر جیهانی به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌ش كرد

مۆندیالی ٢٠٢٢ مشتومری زۆری لە هەندێک میدیا و وڵاتانی ئەوروپی دروست کرد، جیهانی به‌سه‌ر دووبه‌ره‌دا دابه‌ش كرد، به‌شێكیان پێیانوابوو قه‌ته‌ر ره‌گه‌زپه‌رسته‌ و سنووری ئازادییه‌كانی تێدا به‌رته‌سك كراوه‌ته‌وه‌، به‌شێكیش پشتگیری له‌ قه‌ته‌ر ده‌كه‌ن، له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ فیفا به‌رگری له‌ قه‌ته‌ر ده‌كات و پێیوایه‌ ده‌بێته‌ باشترین مۆندیال له‌ مێژوودا.

بەبڕوای بەشێک لە وڵاتان و رێکخراوانی مافی مرۆڤ قەتەر ئازادییەکانی بەرتەسک کردووەتەوە، لەم مۆندیالە رێگە بە سەرخۆشبوونی گشتی و سێکسی دەرەوە هاوسەرگری و هاورگەزبازی نادات، قەتەر داوا دەکات رێز لە ئایین و کلتوری وڵاتەکەیان بگیرێت.

قەتەر وڵاتێکی بچووکی کەنداوە کە چەند ساڵێک لەمەوبەر بەشیکی بیابان و بەشیکی دیکەی زۆر سادە ژیانی تێدا دەکرا، کەچی بە خێراییەکی زۆر ئەم وڵاتە گەشەی کرد بە تایبەت دوای گەشەسەندی گازی سروشتی ساڵی ١٩٩٠، دەوحەی شەش ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ئەم شارەی ئێستا جیاوازە لە رووی بەرەوپێشچوونی هۆکارەکانی گواستنەوە، هەواداران کە سەردانی قەتەر دەکەن چاوەڕیی مانگێکی ناوازە دەکەن.

خه‌ڵكانێكی زۆر به‌ پەرۆشه‌وه‌ بۆ دەستپێکردنی مۆندیال سه‌ردانی قه‌ته‌ر ده‌كه‌ن و زۆر دێنە ئەم وڵاتە بۆ ئه‌وه‌ی مانگێکی خۆش له‌گه‌ڵ مۆندیال به‌سه‌ر ببه‌ن.

تەنیا دوو رۆژ بۆ دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیال ماوەیە هەوادارانی تۆپی پێ لە هەموو جیهانەوە دەستیان بە گەشت کردن بۆ قەتەر کردووە، قەتەر بۆ مانه‌وەی شوینی هاندەران چەندان هۆتێلی تازە و گوندێکی هاندەرانی دروست کردووە، جگە لەمانەش دوو کەشتی زەبەلاحی هیناوە لە بری هۆتێل سوودی لێ دەبنێت. یاری دەستپێکی مۆندیال رۆژی یەکشەممە کاتژمێر حەفتی ئێوارە بە کاتی هەولێر لە نێوان قەتەری میواندار و ئیکوادۆر به‌ڕێوه‌چوو. 

بڕیاریشه‌ ئه‌مڕۆ 3 یاریی دیكه‌ له‌ مۆندیالی 2022 به‌ڕێوه‌بچێت، ئینگلاند و ئێران له‌ كاتژمێر 04:00ـی ئێواره‌ به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، دواتر سه‌نیگال و هۆڵه‌ندا له‌ كاتژمێر 07:00ـی ئێواره‌ رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌، ئه‌مریكا و وێڵز له‌ كاتژمێر 10:00ـی به‌ره‌نگاری یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌.