لەگەڵ ئەوەی بە رووداوی هاتوچۆ قوربانیەکی زۆری گیانی دەکەوێتەوە، لەپاڵ ئەمەشدا، زیانە مادییەکانیش زۆرن، بە جۆرێک ساڵانە زیاتر لە ٢٠ملیۆن دۆلار بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە زیان لە هەرێمی کوردستان دەکەوێت.
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٨ بۆ ١٠هەزار کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە بریندار دەبن، هەروەها ٨٥٠ کەسیش گیان لەدەست دەدەن.
چەند هۆکارێک لە وەزارەتی تەندروستی تۆمار کراون، کە بەشی زۆری مردن و گیان لەدەستدان لە کوردستان پێک دەهێنن، یەکەم هۆکاری مردن لەنێو نەخۆشخانەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی، رووداوەکانی هاتۆچۆیە.
بەپێی ئامار و داتاکان، ساڵانە هەرێمی کوردستان بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە زیاتر لە ٢٠ملیۆن دۆلار زیانی پێ دەگات، بە جۆرێک بەپێی خەمڵاندنەکان لە ڕۆژێکدا ٥٥هەزار دۆلار زیانی ڕووداوەکانی هاتوچۆیە، هەروەها لە هەر سەعاتێکدا دووهەزار دۆلار زیانی ڕووداوەکانی هاتوچۆیە.
عەقید ئەسعەد دەڵێت: “رووداوەکانی هاتوچۆ و قوربانییەکان زۆر لەوە زیاترن کە لە ئامارەکاندا تۆمار کراون، مەزەندە دەکرێ ساڵانە نزیکەی ٢٠هەزار رووداوی هاتوچۆ بقەومێت”.
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆ، ٦١٪ی رووداوەکانی هاتوچۆ بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلەوەیە، ١٩٪ی وەرگەڕانە، ١٤٪ بەهۆی لێدانی ئۆتۆمبێلەوەیە لە مرۆڤ و، ٥٪ەکەی تریش جۆراوجۆرە.
لە سەرێکی ترەوە، وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاشکرای کردووە، لە ١٠ ساڵی رابردوودا، دەرکەوتووە ٦٦هەزار رووداوی هاتوچۆ روویان داوە، کە بوونەتە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکی ٢٣هەزار کەس و بریندار بوونی ٨٠هەزار کەس، بەهۆی رووداوەکانیشەوە زیانی ٢ملیار دۆلار بە عێراق کەوتووە.
ئەڵبەت چەندین هۆکاری جیاواز هەیە کە دەبنە هۆی رووداو و بەرزیانکەوتنی جەستە؛ لەوانە: سەرکێشی و خێرایی لەرادەبەدەر، شوفێریکردن لە ژیر کاریگەری ماددە هۆشبەرەکان و کحولییەکان، بەکارنەهێنانی پشتێنی سەلامەتی، شوفێریکردن بە خەوالویی و بێتاقەتی.
فازڵ حاجی بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت: خەوتن ڕزگارکردنی جەستەیە لە ژەهر و گەڕانەوەی تەندروستیە بۆ لەش بەڵام لە پشتی ستێرن و لە کاتی شوفێریدا شتێکی ترە؛ تکایە تەنها لەو کاتانەدا لێبخوڕن کە تەندروستن و، هیلاک نین وخەوتان نایەت.