چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بەبێ وەرگرتنى ڕەزامەندیى بەرگریى شارستانى ڕێگە بە دانانی سیستمی غازی شل نادرێت

هیچ كۆمپانیا و کەسێک بەبێ وەرگرتنى ڕەزامەندیى بەرگریى شارستانى نابێت سیستمی غازی شل بۆ چێشتخانە و نانەواخانە و ماڵان جێگیر بکات.

ئەمڕۆ دووشەممە 21/11/2022، بە سەرپەرشتیى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئامادەبوونى هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار، یەکەمین کۆبوونەوەى تایبەت بە پێداچوونەوە بە سیستمی شۆفاژ لە شوێنە گشتییەکان و ماڵان و بەکارهێنانى غازی ئێڵ‌پی‌جی ئەنجام درا.

لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، ئاماژەى بە ڕووداوە نەخوازراوەکەى ڕۆژی پێنجشەممە 17/11/2022ی شاری سلێمانی دا کە کارەساتێکى ناخهەژێن بوو و هەمووانى لە دڵەوە نیگەران و خەمبار کرد، لەوبارەیەشەوە وێڕاى دووبارە سەرخۆشى لە کەسوکارى قوربانیانى کارەساتەکە، تیشکى خستە سەر ترس و دڵەڕاوکێى هاووڵاتییان لە دواى ڕووداوەکە، بەتایبەتى ئەو شوێنە گشتی و ماڵانەى کە سیستمی غازی شل و شۆفاژ بەکار دەهێنن، بە پێویستیشی زانى لە زووترین کاتدا پێداچوونەوە و بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو شوێنان بکرێت کە ئەم سیستەمە بەکار دەهێنن و جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە هەموو ئەو ماڵ و شوێنانەى کە ئەو سیستەمە دادەنێن، دەبێت بە ئاگاداریی بەرگریى شارستانى و بە کەلوپەلی ستانداردى جیهانى و لەلایەن کۆمپانیاى مۆڵەتدرا و کەسانی شارەزا و ئەندازیاری باوەڕپێکراوەوە دابنرێت.

لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، دواى گفتوگۆ و وەرگرتنى تێبینى و ڕا و سەرنجى ئامادەبوان لەسەر ئەم پرسە، کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانە:

یەکەم/ هۆشیارکردنەوەى هاووڵاتییان لە چۆنیەتیى بەکارهێنانى سیستەمى غازی ئێڵ‌پی‌جی و شۆفاژ و مەترسییەکانى دانانى ئەو سیستەمە لەلایەن کەسانى بێمۆڵەت و ناشارەزا.

دووەم/ چاودێریكردنى سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەى کە سیستمی غازی شل بۆ چێشتخانە، نانەواخانە و ماڵان جێگیر دەکەن.

سێیەم/ هیچ كۆمپانیا و کەسێک بەبێ وەرگرتنى ڕەزامەندیى بەرگرىی شارستانى نابێت سیستمی غازی شل بۆ چێشتخانە، نانەواخانە و ماڵان جێگیر بکات، ئەوانەش کە ئێستا ئەو کارە دەکەن دەبێت لە ماوەى یەک مانگدا سەردانى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى هەولێر بکەن.

چوارەم/ بنكه‌كانى به‌رگریى شارستانى پێداچوونەوە بۆ هەموو ئەو شوێنانە دەکەن کە ئەم سیستەمە بەکار دەهێنن.

پێنجەم/ لیژنەکانى (قائیمقامیەت، شارەوانى، بەرگریى شارستانى و نەوت و کانزاکانى هەولێر) چاودێیرى هەموو شوێنەکان دەکەن کە ئەو سیستەمەیان بۆ دانراوە.

شەشەم/ بەڕێوەبەرایەتیى نەوت و کانزاکانى هەولێر چاودێریى ئەو بەنزینخانانە دەکات کە سیستەمى غازی (ئێڵ‌پی‌جی)یان بۆ ئۆتۆمبێل دادەنا، دەبێت خاوەنى بەنزینخانانەکانیش لە ماوەى دوو هەفتەدا سەردانى بەڕێوەبەرایەتیى ناوبراو بکەن بۆ وەرگرتنى ڕێنمایی نوێ.

حەوتەم/ دانانى لیژنه‌یه‌ك بۆ پێداچوونەوە و دانانى مەرجى زانستى لە نزیکترین کاتدا.

هەشتەم/ پارێزگاى هەولێر لەڕێگەى کۆلێژى ئەندازیاریى زانکۆى سەڵاحەدینەوە کۆنفرانسێکى زانستیى تایبەت بە سیستەمی غازی (ئێڵ‌پی‌جی) و شۆفاژ و دوورخستنەوەی مەترسییەکانى لەسەر گیانى هاونیشتمانیان ئەنجام دەدات.

نۆیەم/ دەرچواندنى چەند فەرمانێک لە نزیکترین کاتدا بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەبارەى سیستەمی غازى ئێڵ‌پی‌جی و شۆڤاژ.