ڕائیب جادر – هەولێر
مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، لە دیدارێکدا دەڵێت:” بڕیاری پارتی بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ ھەموو لایەنەکاندا، بڕیارێکی زۆر باشە و لە بەرژەوەندیی خەڵکی ھەرێمی کوردستاندایە. دەشڵێ: دەبێت لایەنە کوردستانییەکان یەکگرتوو بن. بە یەکەوە کار بکەن. بە یەکدەنگ لەگەڵ بەغدا قسە بکەن، چونکە ئەگەر وا بن، دەتوانن زۆر شت بکەن و بەھێز دەبن، بەڵام ئەگەر ھەر حزبێک بە جیا بێت، ئەو کاتە کورد لاواز دەبێت و ناتوانن ھیچ مافێک بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەدەست بھێنن.
لە دواین کۆبوونەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری پێکھێنانی شاندێکی حکوومەتی ھەرێم درا بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا و شاندی حکوومەتی ھەرێم ئامادەیە بۆ دانوستان و شاندی حکوومەتی عێراقیش پێک ھێنراوە و فەرمانی وەزاریشی بۆ دەرکراوە. گفتوگۆ لە بارەی کارنامەی حکوومەت کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، بەتایبەت یاسای نەوت و غاز و بودجەی گشتیی بۆ ساڵی داھاتوو و ھەموو ئەو کێشانەی لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەن. فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتی:” بۆ دانوستان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا دوو شاند پێک ھاتوون لە ھەردوولا و بڕیارە ئەم ھەفتەیە دەست بە دانوستان بکەن”
- بارودۆخی عێراق دوای پێکھێنانی حکوومەتی نوێ چۆن دەبینی؟
-بارودۆخی عێراق دیار نییە، ھەر چەندە دوای پێکھێنانی حکوومەتی نوێ بارودۆخەکە کەمێک ئارام بووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت چاوەڕێ بکەین، بۆ ئەوەی بزانین لە داھاتوودا چی ڕوودەدات. لایەنە عێراقیەکان بەڵێنی زۆریان داوە، بەتایبەتی بە کورد، حکوومەتی نوێش ھەر لەسەر ئەو بنەمایە پێکھاتووە. با بزانین بەڵێنەکان جێبەجێ دەکەن یان نا؟ بۆ ئەوەش دەبێت چەند مانگێک چاوەڕێ بکەین، ئایا ئەو شتانەی کە گوتوویانە و نووسیویانە و لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر دراوە، تا چەند جێبەجێ دەکەن. - بەڵام ئەمجارە جیاوازە؟
- ئەوە ٢٠ ساڵە لایەنە عێراقییەکان تا حکوومەت پێک دێنن لەگەڵ کورد ڕێک دەکەون و باس لە چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن، بەڵام هەرکە ڕێک دەکەوەن، لە جیاتی چارەکردنی کێشەکان، کێشەی نوێ دەدۆزنەوە. ھەر دەڵێن بە گوێرەی دەستوور، کەس نەیگوتووە لە دەرەوەی دەستوور، کوردیش ھەر ئەوەی دەیەوێت، چونکە ئەگەر بە گوێرەی دەستوور بێت کێشەکان چارەسەر دەبن، بەڵام تا چەند دەستوور جێبەجێ دەکرێت؟ بۆیە کردار شەرتە، نەک گوتار.
- ئەو ھێرشانەی لەلایەن وڵاتانەوە دەکرێنە سەر کورد چۆن دەبینی؟
- بۆ ئەو ھێرشانە ھیچ بیانوویەک نییە و دەبێت حکوومەتی عێراق لەگەڵ ھەرێم لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵا بکەن، بۆ ئەوەی ئەو ھێرشانە بوەستێنرێن، چونکە ئەگەر سکاڵات نەکەن، ھێرشەکان ھەر بەردەوام دەبن. حکوومەتی عێراقیش ھیچ ھەڵوێستێکی نییە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە حکوومەتەکە شیعەیە و دژی ئێران ھیچ ھەڵوێستێک وەرناگرن.
- بۆ ناوخۆی کوردستان چیت ھەیە؟
- دەبێت لایەنە کوردستانییەکان یەکگرتوو بن. بە یەکەوە کار بکەن. بە یەک دەنگ لەگەڵ بەغدا قسە بکەن، چونکە ئەگەر وا بن دەتوانن زۆر شت بکەن و بەھێز دەبن، بەڵام ئەگەر ھەر حزبێک بە جیا لەگەڵ بەغدا مامەڵە بکات، ئەو کاتە کورد لاواز دەبێت و ھیچیان پێ ناکرێت و ناتوانن ھیچ مافێک بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان بە دەست بھێنن.
- تا چەند پێویستە سەرۆکایەتیی ھەرێم ببێتە چەتری کۆکەرەوەی حزب و لایەنەکان؟
- دەبێت ھەموو لایەنەکان بە یەکەوە بن و، لەژێر چەتری سەرۆکایەتی ھەرێمدا کۆ ببنەوە، کە ئەوە زۆر گرنگە و گەورەترین سەرکەوتنە. دەبێت ھەر واش بێت، بەڵام تا ئێستا بە باشی ئەوە نەکراوە.
*کۆنگرەی پارتی چۆنت بینی لە بەلاغەکی کۆتاییدا باسی ئەوەی کردووە، لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ لایەنەکان ھەڵدەداتەوە؟
- کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو بوو، بڕیار بوو دوای کۆنگرە وەفدێکی پارتی سەردانی لایەنەکان بکات، بەڵام تا ئێستا نەچووە. پێویستە بچێت، چونکە شتێکی باشە. کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لەلایەن پارتییەوە شتێکی باشە و لە بەرژەوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستاندایە”.