لە ڕێگەی تیمی گەڕۆكەوە ڤاكسین دەدرێتە هاووڵاتیان

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند لە ڕێگەی تیمی گەڕۆكەوە ڤاكسین دەدەنە هاووڵاتیان و ئەو هەڵمەتەش لە بەشە ناوخۆییەکەی ١٨ـی شوبات لە شاری هەولێرەوە دەست پێ دەکات.

وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ رێکخراوە جیهانییەکەی تەندروستی رێک کەوتوونە لە ڕێگەی ژمارەیەک تیمی گەڕۆکەوە ڤاکسین لە هاووڵاتیان بدەن، ئەمەش بەو ئامانجەی كە خەڵکێکی زۆر سوودمەند بێت لە وەرگرتنی ئەو ڤاكسینە و پرۆسەی پێدانی ڤاكسین خێراتر بکرێت بەو ئومێدەی ژیان ئاسایی بێتەوە.
بە گوێرەی پرۆسەكە وا بڕیارە تیمەكان چەند شوێنێک دیاری بکەن وەکو قوتابخانەکان، زانکۆکان، مۆڵەکان و شوێنە گشتییەكان و، لەو شوێنانە ڤاکسین بدەنە خەڵک، تیمەکانی پێدانی ڤاکسینەکان وەك تیمی گەڕۆكی ماڵ‌بەماڵ نابن.
45 تیمی گەڕۆکی پێدانی ڤاکسینی لە هەرێمی کوردستان دروست کراوە (پارێزگای هەولێر 12 تیم، پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە 25 تیم و پارێزگای دهۆکیش 8 تیم).
لە دەستپێكی ئەو هەڵمەتەدا، د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: دوای ئەوەی مانگی ڕابردوودا بڕیارمان لە ڕیگەی تیمی گەڕۆک و یەکەکانی گەڕان، میکانیزمێکی نوێی پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا دەست پێ بکەین بە خۆشحاڵییەوە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەم میکانیزمەی پەسند کرد لە شوێنە داخراوەکاندا کە چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیان تێدا کۆ دەبنەوە، هەڵمەتەكان بەڕێوە دەچن.
لە رۆژی 25ـی مانگی ڕابڕدوو لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری دا ھەموو فەرمانبەرانی حکومەت بە ھێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەوە لە ماوەی دوو مانگدا ڤاکسین وەربگرن، بەپێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. هەروەها ھەموو ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، پێویستە کارتی ڤاکسینیان ھەبێت.

ھەواڵی زیاتر