پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

پارتی و یەکێتی ئامادەیی خۆیان بۆ کۆبوونەوەی دوو قۆڵی دەربڕیووە، ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی رایدەگەیەنێت، رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی کۆببنەوە.

ئاری نانەکەلی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرچاوەیەکی راگەیاند: “یەکێک لەو خاڵانەی لە کۆنگرەی 14دا خرایەڕوو ئەوەبوو. پارتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان نوێ بکاتەوە”.

گوتیشی: “پەیوەندییمان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەر هەبووە، بەڵام رەنگە هەندێک ساردی تێکەوتبێت، بەڵام ئەوە بەمانای پچڕانی پەیوەندییەکان نایەت، رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی ئەنجامبدرێت”.

ئێستا بۆچوونێك دروستبووە کە پێیوایە نەمانی رێککەوتنامەی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی، زیانی گەورەی لە پەیوەندی نێوان ئەم دوو حزبە داوە، بەجۆرێک لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، پارتی و یەکێتی ئەوەندەی ناکۆکیان هەبووە هێندە تەبانەبوون. سەرۆکی فراکسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت: پارتی و یەکێتی پێویستیان بە رێککەوتنێکی دیکەی ستراتیژی هەیە.

رێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراكسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە لێدوانێکیدا بۆ سەرچاوەیەک گوتی: “کاتێک رێککەوتنمان هەبوو دەستکەوتی باش بۆ هەرێمی کوردستان بەدەستهات، ئێستا کە رێککەوتن لەنێوانمان نییە یان ناکۆکیمان هەیە زیانی زۆر بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە لە زۆر رووەوە”.

دەشڵێت: “پێویستە پارتی و یەکێتی بسازێن و لەگەڵ یەکتر بگونجێین و دووربکەوینەوە لەو شتانەی پێویست نییە بکرێن، کوردستان لەژێر هەڕەشەدایە و هێشتا مەترسییەکان زۆرن”.

ھەواڵی زیاتر