هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

حکومەتی هه‌رێم ئەنجومەنی باڵای پاراستنی کێبڕکێ و نەهێشتنی قۆرخکاری دامەزراند

حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئەنجومەنی باڵای پاراستنی كێبڕكێ و نەھێشتنی قۆرخكاری دامەزراند و ئەنجومەنەكه‌ لە ئەندامیەتی چوار وەزارەت و نوێنەرایەتی چەند رێكخراوێك پێكدەھێنرێت و دوای دانانی پەیڕەوێك، ئەنجومەنەكە كارەكانی دەستپێدەكات و ئەركی نەھێشتنی قۆرخكاری و رێكخستنی بازاڕ و نرخ و رێگری لە ھێنانی شتومەكی خراپ و ماوەبەسەرچووە.

نەھێشتنی قۆرخكاری و پاراستنی كێبڕكێ یەكێكە لە كارنامەكانی كابینەی نۆییەم، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی پیشەسازی ئەنجومەنی باڵای پاراستنی كێبڕكێ و نەھێشتنی قۆرخكاری پێكھێنا، به‌ ئەندامیەتی وەزارەته‌كانی پیشەسازی و بازرگانی، كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، پلاندانان و ناوخۆ له‌گه‌ڵ نوێنەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیكاكان، وەزارەتی پیشەشازی سەرقاڵی دانانی پەیڕەوه‌ بۆ ئەوەی ئەنجومەنەكە دەست بەكارەكانی بكات.
سەروەر كەمال ھاواری، بریكاری وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی ئاشكرای كرد، كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌م كراوه‌، راسپارده‌ و پێشنیاز هه‌بووه‌، ئێستا سه‌رقاڵی په‌یڕه‌وێكین بۆ كاركردنی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش په‌یكه‌ربه‌ندییه‌ك بۆ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ داده‌نێین، له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ تا ئه‌ندامه‌كانی و راوێژكار و بڕیارده‌ری ئه‌نجومه‌نه‌كه‌.
توێژینەوەیەك لەسەر دامەزراندنی ئەنجومەنەكە ئاشكرا كرا، كه‌ بە دەسپێكردنی كارەكانی دەتوانێت قۆرخكاری نەھێڵێت و رێگربێت لەگرانكردنی كاڵا و پلانی كۆمپانیاكان بۆ پێكەوەكاركردن و نەھێشتنی قۆرخكاری، دەشتوانن رێگربن لە ھێنانی خۆراكی ماوەبەسەرچوو و كوالیتی نزم.
خەتاب عەزیز، بەرپرسی توێژینەوە لە رێكخراوی ستۆپ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، درووستكردنی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ گرنگی خۆی هه‌یه‌ و به‌ هۆیه‌وه‌ چاودێری بازاڕ ده‌كرێت، له‌ رووی رێكخستن، قۆرخكاری، رێگری له‌ بردنی پشكی گه‌وره‌ی بازاڕ، یه‌كگرتنی كۆمپانیاكان، رێكخستنی نرخ و بازاڕ، به‌و مانایه‌ی كه‌ هاووڵاتی یان به‌كاربه‌ر هیچ زیانێكی به‌رنه‌كه‌وتێت.
یەكێك لە كارنامەكانی كابینەی نۆیەم نەھێشتنی قۆرخكاری و رێكخستنی بازرگانی و رێگریە لە خراپی كوالیتی خۆراك و دەرمان، ئەنجومەنەكه‌ جێبەجێكاری ئەم كارنامەیە دەبێت و لە داھاتووشدا ئەنجومەنەكە لە دەركردنی پەیڕەوەكان كێبڕكێ رێكدەخات و قۆرخكاریش ناھێڵێت.