هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە گوژمەی 10 ملیار دینار پڕۆژە جێبەجێ دەکرێت

بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە بڕیاری بەقەزابوونی دەرچووە و گوتی، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ناحیەی سیدەکان بە گوژمەی 10 ملیار دینار پڕۆژە ئەنجام دەدرێن .

ئێحسان چەلەبی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”دوای ڕاگەیاندنی بەقەزابوونی سیدەکان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیارە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە و دادگا و دادنووسی بکرێنەوە و هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکەی لێ هەن، بۆیە پێویستە ئەوانەی دیکەش بکرێنەوە و زۆریش پێویستن بۆ قەزاکە.”

ئێحسان چەلەبی گوتیشی: ”ئەمساڵ لە سیدەکان بەگوژمەی 10 ملیار دینار لە بواری ڕێگاوبان و تەندروستی و ئاو و کارەبا و سێکتەرەکانی دیکە پڕۆژە ئەنجام دەدرێن، بۆیە بەشێکیان جێبەجێ کراون و بەشێکیان لە واری جێبەجێکردندان و بەشێکیشیان بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا بەردی بناغەیان بۆ دابنرێت و جێبەجێ بکرێن.”

چەلەبی ڕوونیشی کردەوە: ”ئەو پڕۆژانەش زۆر گرنگن بۆ ئێمە و سیمایەکی زۆر جوان و ڕێکوپێک دەدەنە سیدەکان، بۆیە ئێستا هەموو مەرجەکانی بەقەزابوون لە سیدەکان هەن.’