هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

تورکیا وردەکاری نوێی هێرشەکانی بۆ سەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان بڵاودەکاتەوە

وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاشکرایکردووە، لە نوێترین هێرشیان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی باشوور و رۆژئاوای کوردستان، 89 پێگە و بنکەیان کردووەتەئامانج.

(چنگ – شمشێر) نوێترین ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیایە و وەک وەزارەتغ بەرگری ئەو وڵاتە بڵاویکردووەتەوە، “ئۆپەراسیۆنی چنگ-شمشێر بۆسەر ناوچەکانی قەندیل، ئاسۆس و خواکورک باکووری عێراق و کۆبانی، تەلرەفعەت، جزیر و دەرێک باکووری سووریا بەسەرکەوتوویی ئەنجامدرا”.

هاوکات ئەو وەزارەتە رایگەیاندووە، “89 ئامانجی تیرۆریستان لە پەناگە، ئەشکەوت، کۆگای تەقەمەنی، بارەگا و کەمپی راهێنان خاپوورکران و ژمارەیەکی زۆر تیرۆریستیش پەرتەوازەبوونە”.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 20ـی تشرینی دووەم) چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان کەوتنە بەر هێرشی ئاسمانی تورکیا. بە گوێرەی میدیاکانی تورکیا لە هێرشەکاندا زیاتر لە 50 فڕۆکەی ئێف-16 و 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەکارهێندراون و زیاتر لە 13 خاڵیش لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان کراونە ئامانج.

بەپێی ئامارەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا نۆ شەڕڤانی هەسەدە و شەش سەربازی سوپای سووریا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 30 کەسی دیکەش بریندارن.

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، ئەو هێرشانە دەمێکە پلانیان بۆ دانراوە و “بەشێكە لە یارییەکانی تورکیا”.

جەختیشدەکاتەوە، ئەوان و هیچ لایەنێکی کوردی هیچ پەیوەندییەکیان بە تەقینەوەکەی 13ی ئەم مانگەی شەقامی ئیستقلالی ئیستانبوڵەوە نییە.

خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا خۆی سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی ئەمڕۆی کردووە و دەڵێت: “چەندین بنکە و بارەگای پەکەکە و یەپەگە-مان کردووەتە ئامانج”.