بەهمەن کاک عەبدوڵڵا بۆ بێستوون سابوراوایی: ئەگەر حزبەکەت پرەنسیپی مابێ لێپرسینەوەت لەگەڵ دەکا

بەهمەن کاکە عەبدوڵا، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێک ئاراستەی بێستوون سابوراوایی ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی دەکات و پێی دەڵێ: ئەگەر حزبەکەت پرەنسیپی مابێ دەبێت لەسەر نووسینەکەت لێپرسینەوەت لەگەڵ بکات.

بەهمەن كاك عەبدوڵا لە لاپەڕەی خۆی لە (فەیسبووک) نووسیویەتی: “بۆ بێستوون سابوراوایی ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، گەر حزبەکەت پرەنسیپی مابێت، دەبێ لەسەر ئەو نووسینەت لێپرسینەوەت لەگەڵدا بکات، ئەوەی قسەی نابەجێی کردووە تۆیت نەک ئەو مام حاجییەی کۆستی کەوتووە.”

پەرلەمانتارەکەی پارتی بە ئەندامەکەی سەرکردایەتیی یەکێتی دەشڵێ: “دەبێ یەکێتی بتنێرن بۆ پزیشکی دەروونی بۆ ئەوەی بزانن لە کاتی نووسینی ئەو قسانەت لەباری ئاساییدا بوویت؟ کاکی سەرکردایەتی ئەو مام حاجییە تەنیا قسەیەکی کۆنی سەردەمی مەلا مستەفای بارزانیی گێڕاوەتەوە کە گوتویەتی بنەماڵەکەمان لقێکە لە بنەماڵەی بارزان، ئەوەش روونە کە هەمیشە بارزانیی گەورە و سەرۆک بارزانیش هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەریان بە بەشێک لە بنەماڵە و حزبی خۆیان ئەژمار کردووە.”

لە درێژەی پەیامەکەی بەهمەن کاکە عەبدوڵادا هاتووە: “ئەوە ئێوەن و تۆی سەرکردایەتیی حزبیت کە لە کاتی کۆستکەوتنی خەڵکیشدا بەدوای بانگەشەی حزبیەوەن، وامزانی بەوە دڵتان ئاوی خواردەوە ئەمڕۆ کۆمێنتنووسە جنێوفرۆشە دەمپیسەکانی خۆتان هان دابوو هەرچی قسەی ناشرینە بەو بنەماڵە جەرگسووتاوە کۆستکەوتووە بکەن، بەڵام كینەی پیسی حزبیتان بەرامبەر بنەماڵەی سەربەرزی بارزان و ئەو خانەوادەی تێکۆشەرەی سلێمانی وا بەرچاوی رەش کردوون بە ناوی ئەندامی سەرکردایەتییەوە شت بنووسن، من لام ئاساییە بەڵکوو هیچ غەریب نەبوو بەلاغی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیتان دژی ئەو پیاوە نەجیبە دەربکردایە.”

پەرلەمانتارەکەی پارتی بە بێستوون سابوراوایی دەڵێ: “ئێوە چۆن پەروەردە کراون؟ ئێوە لە چ مەملەکەتێکەوە هاتوون؟ ئێوە نامۆن بە هەموو کولتوورێکی کوردەواری، کابرا ۱٥ کەس لە خێزانەکەی بووەتە قوربانی ئێوە لە خەمی ئەوەن بزانن پارتییە یان یەکیتی، گەر ئێوە نەخۆشی دەستی حقد و كینە نەبن، هەر ئەمڕۆ کەسێکی تری ئەو خێزانە بە قوباد تاڵەبانیی گوتووە تۆ کوڕی مام جەلالی کە تۆ هاتی سەبووریم بۆ هات، بینیتان یەک ئەندامی سادەی پارتیش جنێوێک بدات؟”

لە کۆتاییدا نووسیویەتی: “ئەگەر ئێوە نەخۆش نین بە حقد و كینە و خۆت بە سەرکردەی دواکەوتووی مام جەلال دەزانیت، بڕۆ سەیری ئەرشیڤتان بکە و لە کوڕانی تاڵەبانی بپرسە بزانە مام جەلال هەر لە نەخۆشکەوتنی تا کۆچی دوایی، ماڵی بارزان و سەرۆک بارزانی و کوڕ و برا و برازاکانی چیان بۆ کردووە.”

ھەواڵی زیاتر