هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ئەمریکا: پێشمەرگە سەرکەوتوو بووە لە کەمکردنەوەی چالاکییەکانی داعش

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

پشکنەری سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، نوێترین راپۆرتی خۆی رۆژی هەینی ئەم هەفتەیە بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا باسی سوپای عێراق و پێشمەرگە دەکات لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە پێشمەرگە هێزێکی سەرکەوتووی شەڕی داعشە و لە توانایدایە ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوو دژی داعش بکات. لە راپۆرتەکەی دامەزراوە سەربەخۆکەدا کە سەربەخۆیانە لە نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگری و دەرەوە راپۆرتی خۆی ئامادە دەکات، هاتووە”هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستا لەوانە ئاسایش و دژە تیرۆری کوردستان، لێهاتوون لە دۆزینەوە و دەستگیرکردنی شانە نووستووەکانی داعش لە هەرێمی کوردستان.”

راپۆرتەکەی ئەم مانگەی دامەزراوەکە، خەمڵاندنی دۆخی عێراق و سووریایە لە شەڕی تیرۆردا تێیدا باس لەوە دەکات “پێشمەرگە زانیاری هەواڵگری زۆری لەبارەی جموجووڵەکانی داعش لە باشووری هێڵی هەماهەنگی دابینکردووە.”
پێشمەرگە و هاوپەیمانان ٧ ساڵ زیاترە لە شەڕی داعش پەیوەندی تووندوتۆڵیان هەیە،ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی لە نێوان هەردوولا زانیاری هەواڵگری و پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی داعش لە خۆ دەگرێت،لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە زانیارییەکانی پێشمەرگە و هەوڵەکانی، سوودی زۆری بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش هەبووە لە ناوچە جێناکۆکەکان، لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە” ئۆپەراسیۆنی رۆژانە، دژی داعش دەکەن لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان. چاویشیان لەسەر هێڵی هەماهەنگییە،ئەو ئۆپەراسیۆنانە پاراستنی ئاسایش، لابردنی مین، چاک کردنەوەی خاڵەکانی چاودێرییو پشکنین و کاری کۆکردنەوەی زانیاریی لەخۆ دەگرن.
لە راپۆرتەکەدا کە زیاتر لە ١٠ جار ناوی پێشمەرگە هاتووە، دەلێت”هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوام بووە لە ئاسانکاریکردن بۆ دروستکردنی لیوای هاوبەش بۆ پاراستنی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان و رووبەڕووبوونەوەی داعش،راپۆرتەکە باس لەوەش دەکات کە پاراستنی ئاسایشی ناوچە جێناکۆکەکان ئەرکی هەردوو هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقە، بەڵام هیچ رێککەوتنێک نییە لەوبارەوە،پێشمەرگە چەندین جار رایگەیاندووە ئامادەیە بۆ هاوکاری پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە، بەڵام وەزارەتی بەرگری عێراق هیچ هەنگاوێکی لەوبارەوە هەڵنەگرتووە.”
راپۆرتەکە بوونی هەماهەمگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە گرنگ دەزانێ بۆ پاراستنی ناوچەکان و دەرفەتی داعشیش بچووک دەکاتەوە.
لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، یەکێک لەو ناوەندە هاوبەشانە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە هەولێرە، بەڵام چالاکی کەمە و بەپێی پێویست ستافی بۆ دابین نەکراوە،باس لەوەش دەکات یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە بەرەوپێش دەڕوات وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام بووە لە گواستنەوەی پێشمەرگە لە یەکەکانی 70 و 80ەوە بۆ لیوا هاوبەشە بێلایەنەکانی ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتەکە،تاوەکو ئێستا 5 هەزار و 500 پێشمەرگەی لە یەکەی 80ەوە گواستووەتەوە لیوا هاوبەشەکان،بڕیاریشە پێشمەرگە لە یەکەی حەفتاوە ببرێنە نێو ئەو لیوا هاوبەشانە،لە راپۆرتەکەدا هاتووە وەزارەتی پێشمەرگە دەیەوێت هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری خۆی یەکبخات، بەڵام “ئێستا گواستنەوەی هێز لە یەکەکانی 70 و 80 بۆ نێو لیوا هاوبەشەکان سنووردارکردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە ئەو مووچەیەی ئەمریکا بە پێشمەرگەی دەدات لە 60 ملیۆن دۆلار بۆ هەر سێ مانگ جارێک سنووردارکراوە،ئەو پارەیەشی لەلایەن هاوپەیمانانەوە لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵ دراوەتە پێشمەرگە بۆ مووچە نزیکەی ٥٠ ملیۆن دۆلار دەبێت.
هێزەکانی پێشمەرگە لە ٢٠١٤وە هاوپەیمانێکی گرنگی شەڕی داعش و هێزێکی سەرکەوتووی ئەو شەڕەن بۆیە لە زۆربەی راپۆرتەکانی پێنتاگۆن ئەرێنی باس لە رۆڵی پێشمەرگە دەکا لە کاتێکدا ڕەخنە لە حکومەتی عێراق دەگرێت کە لە نێو سوپاکەیدا فرۆشتنی پۆست و خزمایەتی و گەندەڵی هەیە.