ھاودەنگ فاروق
سەعدیی شـــیرازی دەڵێ: ئێمە هەموومان ئەندامی یەک جەستەین و ژانی ئەندامێک، ئۆقرە و ئارامی لەهەموو جەســـتەکەدا ناهێڵێ. بچووکترین ڕووداویش لەم نیشتمانەدا دەبێتە هۆی داخ و کەسەری هەمووان، نەخاسمە کارەساتێکی گەورە و دڵتەزێنی وەک ئەوەی كە پێرێ لە شـــاری ســـلێمانی ڕوویدا و ئەو هەموو قوربانییەی لێ کەوتەوە، بێگومان، زیانێکی گەورە و قەرەبۆ نەکراوەی نەتەوەیی و نیشتمانییە.
لە کاتێکدا نەتەوەی كورد لە قۆناغێکی ســـەختی مێژووییدایە و بەرەنگاری چەندین هەڕەشـــەی جیددی دەبێتەوە، یەک لەوانە نوغرۆکردنـــی تایبەتمەندییە فەرهەنگی و ڕۆحییەكانییەتی، دەبینین چەكی خۆڕسكی بەرگری لەخۆكردن، لە ساتێكی تراژیدیی ئاوادا، بەرجەستە دەبێت وهەموو نەتەوە، لەسەر یەك هێڵ و یەك ئامانج كۆدەكاتەوە. لـــەم قۆناغـــەدا، كۆمەڵگـــە لۆكاڵییەكان، لەبـــەردەم فشـــارەكانی گڵۆبالیزمدا ڕەگە کۆمەڵایەتییە خۆڕســـكەكان و لینكی پێكەوەبوونیان لێکترازاوە، بێگومان كۆمەڵگەی كوردســـتانیش مەعســـوم نییە لەم ئافاتە، بەجۆرێك تاكەكانی كۆمەڵگە تەنیا حساب بۆ خۆیـــان بكەن وتاکخوازیی خزاوەتە ناو بیركردنەوەی هەمووانەوە، كەچی لە ئاواها هەلومەرجێکدا ڕۆحی هاوکاریی و هاوخەمیی و هاوسۆزی، سەرلەنوێ دەبوژێتەوە.
ڕەنگە گەلی كوردســـتان، خۆڕاگرترین، ڕەسەنترین كۆمەڵگەی ناوچەكە بێت كە وێڕای نەبوونی دەوڵەت و نەبوونی سیاســـەتی دارێژراوی فەرهەنگی، لە هەمبەر كارەساتێكی وەك ئەوەی سلێمانیدا، ڕەگە خۆڕسكەكانی یەکبوونی خۆی ببوژێنەوە.
ئەمە خەســـڵەتێكی زۆر جوان و گرنگی كۆمەڵگەی كوردســـتانە كە پێویســـتە كاری لەســـەر بكرێت و لێكۆڵینەوەی شایســـتەی لەســـەر بكرێت؛ چونكـــە ئێمە لەبەردەم بەراوردێكی ناچاریداین، لە كۆمەڵگەكانی دیکەدا، دەوڵەت بە پلانی سەرتاسەری دنەی گەشـــەکردن و پتەوکردنی فەرهەنگی نەتەوایەتی دەدات بۆ بوژاندنەوەی خەســـڵەتە ڕەسەنەكانیان پشتیوانییان دەکات، سەرباری ئەوەش ناتوانن سەركەوتن بەدەستبهێنن چونکـــە گڵۆبالیزم بەتەواوی قووتـــی داون، بەڵام ئەوەتا کۆمەڵگـــەی کوردەواری بە شـــێوەیەکی خۆڕســـک ئەو ئەركە گرنگ و چارەنووسسازە جێبەجێ دەکات و هەستە
كوردایەتییەكەی لە شێوەی هاوشیوەنی، هاوخەمی و هاو هەڵوێستیدا نوێدەكاتەوە. ئەوە جوانترین تەحەدای كوردە لەبەردەم هەڕەشەكانی گڵۆبالیزم و پیلانی داگیركەران و نەیارەكاندا.
پێویستە دامەزراوەی فەرمیی هەرێمی كوردستان، لەم خەسڵەتە گرنگەی كۆمەڵگەی كوردستان باشتر تیبگات و بەئاراستەی پتەوكردنی پایەكانی حوكمڕانیی لەكوردستاندا، سوودی پێویستی لێ وەربگرێت.