دوای ھێرشی درۆنەكان بۆ سەر كازمی عێراق بەرەو كوێ؟

فارس نەورۆڵی

لەبەر ئەوەی عێراق بە تۆبزی دروستکراوە بەبێ ویستی پێکهاتەکانی، بۆیە هەتا ئێستا ئەقڵی تۆپزی لە عێراقدا زاڵە، چونکە لە دروستبوونی عێراقەوە کار لەسەر کەلتورو پەروەردەی یەکتر قبوڵکردن نەکراوە.
لە سەردەمی مەلیکەوە دواتر سەرۆک کۆمارەکان زۆربەیان یان بە کودەتا یاخود بە تیرۆر کۆتاییان هاتووە، لە دوای ۲۰۰۳وە قسە لەسەر دیموکراتییەت و عێراقی نوێ کرا، کە پێکهاتەکان بتوانن بەپێی دەستور جیاوازییەکانیان چارەسەر بکەن، بەڵام دیموکراتییەت تەنها ڕووکەش بوو نەتوانرا ببێتە کەلتورو پەروەردە هیچ گۆڕانێک لە ئەقڵی سیاسی هێزەکاندا ڕووینەدا، پەلاماردانی سەرۆک وەزیران بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئەوەی پێ وتین عێراق دیلی هەمان ئەقڵییەتی پێشووە، پێی وتین لە کۆمەڵگایەکدا لە گەمەی دیموکراتیدا کەس دۆڕانی قبوڵ نەبێت و پەنابەرنە بەر زمانی فیشەک و فڕۆکە و هەمیشە پرۆسەکان دابەشبن بۆ دۆست و دوژمن، واتە ئەقڵییەتی ڕکابەری بوونی نییە.
هەمیشە هێزەکان بە خائین یەکتر تۆمەت باربکەن ئارامی میوانیشی نابێت. ئێستا عێراق وەک سەربەخۆ پێناسەی خۆی لە دەستداوە عێراق نییە، بەڵکو عێراقی ئەم دەوڵەت و عێراقی ئەو دەوڵەت هەیە، بۆیە دەوڵەتان کێشەکانی خۆیان لە عێراق یەکلا دەکەنەوە.
ئەمەش کۆی پێکهاتەکانی عێراق باجەکەی دەدەن. لە دوای هەر ڕووداوێکش لە عێراق لە ئاستی جیهان و ناوچەکەدا ئیدانەی دەکەن، لە کاتێکدا عێراق پێویستی بە ئیدانە نییە، بەڵکو پێویستی بە ئیدارەیەکی دیموکرات و ئەقڵانییە. بۆیە دوای هێرشەکەی سەر سەرۆکوەزیران ئەگەر فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کەوتە دەس گروپی جیاجیا، ئەوا هیچ سیاسییەک ئاسایشی پارێزراو نییە.
کەواتە لە ئەمڕۆ بە دواوە عێراق دەباتە قۆناغێکی ترسناک، ئەگەر لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و ناوخۆیدا چارەسەرێکی ئەقڵانی بۆ نەدۆزرێتەوە هەر ئەگەرێکیش کە عێراق بەرەو کارەسات بەرێت، ئەو هێزە سیاسیانە تاوانبارن، کە کەسیان قبوڵنییە پێویستە ئەوە بگوترێ لە دوای ۲۰۰۳ هەرێمی کوردستان هەمیشە باوەڕی بە چارەسەری ئەقڵانی بووە کەلە ڕێگای گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەربکرێن، ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە ئەوەیە بۆ هەر ئەگەرێک لە عێراق بەیەک گوتاری خۆی ئامادە بکات وبەرەنگاری هەر پێشهاتێک ببێتەوە .

ھەواڵی زیاتر