سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ خانەوادەی ئەو کەسانە کرد، کە لە رووداوەکەی سلێمانیدا گیانیان لەدەستدا و رایگەیاند “بەهەموو شێوەیەک ئامادەین بۆ خزمەتکردنتان و بۆ چارەسەری بریندارەکان و قەرەبووکردنەوەی ماددی زیانەکان”.
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکانی رووداوی تەقینەوەی ماڵێک بەهۆی لێچوونی غازەوە کرد رایگەیاند، “بەرپرسانم راسپاردوون و قسەم لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی کردووە، کە ئامادەین بە هەموو شێوەیەک خزمەتی ئێوە بکەین و هەرچیمان لەدەست بێت بیکەین، بۆ چارەسەری بریندارەکان لەناوەوەی هەرێمی کوردستان یان دەرەوەی وڵات و قەرەبووکردنەوەی زیانە مادییەکان”.
ئاماژەی بەوەشدا، کە پرسەی ئەو خێزانە، پرسەی هەمووانە و سڵاوی خۆشی گەیاند بە سەرجەم کەسوکاری قوربانییەکانی رووداوەکە.
هەروەها بنەماڵەی قوربانییەکان سوپاسی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمیان کرد، کە لەم رووداوەدا پشتیوانی خۆیان بۆ دەربڕیون.
ئەمڕۆ لە رێورەسمێکدا، لە گۆڕستانی کەڵەکن لە شاری سلێمانی، تەرمی هەر یەک لە (چیمەن قادر عەزیز، بەهار قادر عەزیز، چیا مەزهەر عەبدولڕەحمان، رۆژان ئەنوەر سەلیم، محەمەد عەبدوڵا جەمیل، ژیلیا عەبدوڵا جەمیل، دانیار بەختیار قادر، داركۆ بەختیار قادر، زەند بەختیار قادر، میر بەهادین مەزهەر، لیا بەهمەن مەزهەر، باكۆ دانا عەلی، یانۆ دانا عەلی، ئارش فاتح محێدین) بە خاکسپێردران، کە لە ئەنجامی رووداوی تەقینەوەی ماڵێک لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی گیانیان لەدەستدابوو