لەناو جەرگەی ئیستانبۆڵ و لە شەقامی ئیسقلال لە تەقسیم، تەقینەوەیەك روویدا و ئەو ناوچەیەی خوێناوی كرد و شەش كەس گیانی لە دەستدا و 81یش برینداربوون. تاوەكوو ئێستا، پەكەكە تۆمەتبار كراوە، بەڵام بەشێوەیەكی فەرمی هیچ لایەنێك ئەو تەقینەوەیەی نەخستووەتە ئەستۆی خۆی.
چەند خولەكێك بەسەر تەقینەوەكەدا تێپەڕی، سیاسییەكانی كورد لە باكووری كوردستان، بەتوندی ئیدانەی ئەو كردەوەیەیان كرد و داوایان كرد، بكەرەكانی بدۆزرێنەوە و سزا بدرێن، ئەمەش وای كرد لە سۆیال میدیاوە، دەستخۆشی زۆریان لێ بكرێت و چەند نووسەرێكی توركیاش ئاماژەیاندا، بەهیچ شێوەیەك كورد تۆمەتبار نەكرێت لەو رووداوە، هەر لایەنێك كردبێتی پەیوەندی بە كوردەوە نییە، چونكە پێشتر هەر كردوەیەكی تیرۆرستی كرابێت، لە بری بكەرەكانی، كورد ناوی بەخراپ هێنراوە و تۆمەتبار كراوە.
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، هەر زوو لە هەژماری خۆی لە تویتەر ئیدانەی ئەو كردەوە تیرۆرستییەی كرد و نووسیبووی: ”هەر كێ بە هەر ئامانج و هۆكارێك ئەمەی كردبێت، هەر هێرشێك خەڵكی سڤیل بكاتە ئامانج، لەڕووی سیاسی و ئەخلاقی و ویژدانییەوە تیرۆرە و نەفرەتی لێ دەكەم.“
لەسەر ئەم نووسینە كورتە، چەند نووسەرێكی توركیا دەستخۆشیان لە دەمیرتاش كرد و گوتیان ئەو رێگە راستەكەی هەڵبژاردووە.
ئەحمەد هاكان، نووسەری دیاری توركیا، پێیوایە هەڵوێستیی دەمیرتاش لەبارەی تەقینەوەكەی تەقسیم دڵخۆشكەرە و سەلماندی ئەو دژی تیرۆرە، جا هەر لایەنێك بیكات.
حەسیب كاپڵان، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە و هەروەها سیاسییەكی بەناوبانگی توركیاشە، داوای كرد بە پەلە لیژنەیەك پێبهێنرێت و بەپەلە بكەرانی بدۆزرێتەوە و سزا بدرێن.
كاپڵان، كردەوەكەی وەكوو كردەوەیەكی تیرۆرستی وێنا كرد و ئیدانەی كرد و لە هەژماری خۆی لە تویتەر، بەكارێكی قێزەون وەسفی كرد.
هەدەپەش لە بەیاننامەیەكدا، ئیدانەی ئەو كردەوە تیرۆرستییەی كرد و نووسیبوویان ئازارەكەمان زۆر گەورەیە و بەقوڵی نیگەرانی كردووین.
بەڵام كاتێك سولەیمان سویلو، وەزیری ناوەخۆی توركیا، پەكەكە و یەپەگەی وەكوو بكەرەی ئەو تەقینەوەیە تۆمەتبار كرد، ئیدی بەشێك لە نووسەران و ئەوانەشی كوردن پێشتر رەخنەیان لە سیاسەتی پەكەكە گرتووە، لەرێگەی نووسینەوە رەخنەیان لە پەكەكە گرتووە.
ئیبراهیم گوچلوو، نووسەری دیاری باكووری كوردستان، دەڵێت پەكەكە بۆیە ئەو تەقینەوەیەی كردووە، تا كورد بە خراپە نیشانی دونیا بدات و دەبێت لێرەوە پەكەكە رابگیرێت، چونكە ئەوان بۆ ناشرینكردنی كورد كاری تەقینەوە ئەنجام دەدەن.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتیی لە توركیا نزیك بووەتەوە، بەشێك پێیانوایە بەهۆی نزیكبوونەوە لە هەڵبژاردن، پەكەكە كاری لەوشێوەیە دەكات، چونكە لە 2015ش كاتێك چەند مانگێك مابوو بۆ هەڵبژاردن، بەهەمان شێوە كردەوەی تەقینەوەیان ئەنجامداوە.
عەبدولقادر سەلڤی، نووسەری نزیك لە ئاكەپە، لە نووسینێكدا پەكەكە تۆمەتبار دەكات و دەڵێت: ”لە 2015 و 2016، پەكەكە بەهەمان شێوە بەر لە هەڵبژاردن تەقینەوەی لەوشێوەیەی ئەنجامداوە، دەیەوێت بارگرانییەكی زۆر بكاتە سەر هەڵبژاردنی 2023، ئەویش لەرێگەی كردنە ئامانجی هاووڵاتی سڤیل لەرێگەی تەقینەوە.“
مانگێك بەر لە ئێستا، دوو چەكداری پەكەكە، لە مێرسین هێرشیان كردە سەر بنكەیەكی پۆلیس و چەند كەسێكیان كوشت، كە هاووڵاتی سڤیلی تێدابوو، بۆیە دەمیرتاش ئەوكات لە تویتێكدا كردەوەكەی پەكەكەی بە تیرۆرست ناو برد.
لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستەدا، لەلایەن میدیاكانی پەكەكەوە، دەمیرتاش وەكوو كەسێكی خاین و نۆكەر ناوی هێنرا.
چەند شڕۆڤەكارێكی سیاسی، رەخنەی ئەوەش لە حكوومەتی توركیا دەگرن، كە سنوورەكانی بەڕووی ئاوارەكانی سووری و ئەفغانیدا كردووەتەوە، بۆیە ئەنجامەكەی هەر ئەوە دەبێت كە كردەوەی تیرۆرستی ئەنجام بدرێت.
ئەمە جاری یەكەم نییە كردەوەی تیرۆرستی لە توركیا ئەنجام بدرێت، لەبەشێكی زۆری كردەوە تیرۆرستییەكاندا، پەكەكە دەستی تێدا نەبووە، بەڵكوو گروپی تیرۆرستی داعش ئەنجامی داوە، دیارترینیان، كوشتنی 39 هاووڵاتی بوو، كاتێك داعشێك هێرشی كردە سەر یانەیەكی شەوانە لە بێشكتاش و كۆمەڵكووژی ئەنجامدا و جگە لە كوشتنی 39 كەس، 70 ی تریش بۆیندار بوون.