چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

لە قەزای شەقڵاوە مینێک بە پێنج ژینگەپارێزدا تەقییەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ لە سنووری قەزای شەقڵاوە مینێک بە ژمارەیەک ژینگەپارێزدا تەقییەوە و لە ئەنجامدا پێنج ژینگەپارێز زامدار بوون.

موحسین قەسرۆکی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی نەخۆشخانەی شەقڵاوەی فێرکاری بە سەرچاوەیەکی راگەیاند: “ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتی پاککردنەوەی ئاوەڕۆیەک لە گەڕەکی سابیراوەی قەزای شەقڵاوە نارنجۆکێک بە ژمارەیەک ژینگەپارێزدا تەقیوەتەوە.”

گوتیشی: “پێنج ژینگەپارێز لە شوێنەکە بوونە و هەر پێنجیان زامدار بوونە و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و دۆخی تەندروستییان جێگیرە.”

بەپێی زانیارییەکان ئەو تەقەمەنییە هی سەردەمی رژێمی بەعسی رووخاو بووە و لە رێگەی رێڕەوی ئاوەوە گەیشتووەتە نێو ئەو ئاوەڕۆیە و لە کاتی دەستکاریکردنی لەلایەن ژینگەپارێزەکانەوە تەقیوەتەوە.