سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

خواست له‌سه‌ر سۆپای دار زیادی کردووه‌

سه‌رما خواستی هاووڵاتییانی له‌سه‌ر كڕینی سۆپای دار زیاد كردووه‌

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی وه‌رزی زستان، هاووڵاتیانیش بۆ خۆگه‌رمكردنه‌وه‌، به‌رێژه‌یه‌كی به‌رچاو روویان له‌ كڕینی سۆپای دار كردووه‌. وه‌ستایه‌كی دروستكردنی سۆپای داریش، ده‌ڵێ، چه‌ندین جۆر سۆپای دار هه‌ن، ئێستا جگه‌ له‌ خه‌ڵكی گونده‌كان وای لێ هاتووه‌ خه‌ڵكی شاره‌كانیش به‌كاری ده‌هێنن.

سۆپای دار هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ خه‌ڵك له‌ وه‌رزی سارد و سه‌رمادا به‌كاری ده‌هێنا، چونكه‌ گه‌رمییه‌كی زۆری هه‌یه‌، پێدانی گه‌رمییه‌كی زۆر و دیزاینكردنی به‌شێوازێكی فلكلۆر له‌ نێو ماڵه‌كاندا وای كردووه‌ تا ئێستاش به‌شێك له‌ هاووڵاتیان سۆپای دار به‌كار بهێنن.

جیهاد سه‌میر، وه‌ستایه‌كی دروستكردنی سۆپای داره‌، بۆ هه‌ولێر ده‌ڵێت کە زیاتر له‌ 20 ساڵه‌ كاری دروستكردنی سۆپای دار ده‌كه‌م، پیشه‌كه‌م زۆر خۆش ده‌وێت و له‌ باوكم بۆ ماوه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ هاتنی هه‌ر ساڵێك به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز سۆپا دروست ده‌كه‌م، شتێكی باشه‌ و زه‌ره‌ری بۆ خه‌ڵكیش نییه‌.

گوتیشی هیچ كاتێك وه‌كو ئه‌مساڵ بازاڕمان گه‌رم نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ نرخی نه‌وت رۆژبه‌رۆژ گران ده‌بێت، هاووڵاتیانیش بۆ خۆ گه‌رمكردنه‌وه‌ له‌ وه‌رزی زستان ناچارن سۆپای دار بكڕن.

ئه‌و وه‌ستایه‌، ده‌شڵێ كڕیاره‌كانم زیاتر له‌ گونده‌كان دێن، به‌ڵام ئه‌مساڵ له‌به‌ر گرانی نه‌وت خه‌ڵكی شاره‌كانیش داریان هێناوه‌ و سۆپای دار ده‌كڕن. 

جیهاد سه‌میر، ئاشكراشی كرد رۆژانه‌ من و شاگردێكم له‌ دوكانه‌كه‌م 3 تا 4 سۆپا دروست ده‌كه‌ین، نرخی هه‌ر سۆپایه‌كیش له‌ 60 هه‌زار دیناره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات تا ده‌گاته‌ 150 هه‌زار دینار، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر جۆری پلێته‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ چه‌ند پلێته‌كه‌ باش و جوان بێت، پاره‌ی زیاتر ده‌كات.