لەچەند رۆژی داهاتوو گەورەترین رووداوی وەرزشی روودەدات، لە جیهاندا بێ وێنەیە، تاکە رووداوە نیوەی گۆی زەوی پێیەوە خەریک دەبێت، تاکە پاڵەوانێتییە هەموو کیشوەرەکان کۆدەکاتەوە، لە پێناو سەیرکردنی 64 یاریدا، لەمسەر تا ئەو سەری دونیا، بەدیار شاشەکانەوە بینەری مۆندیالن. نزیکەی دوو ملیۆن کەس بۆی دەچنە قەتەر، لە دەوحەوە ئامادەی گەورەترین بۆنەی وەرزشی دەبن، کە لە رابردوودا جەنگەکانی راگرتووە، ئامانجی هەمووانی کردووەتە یەک، ئەویش بردنەوەی زێڕەکەیە،بەشێک لە ماڵپەر و رۆژنامەکان هێرش و رەخنەی تووند ئاراستەی قەتەریەکان دەکەن، هۆکارەکەشی ئەمانەن.
کێشەی هاوڕەگەزخوازەکان
هەڵڵایەکی زۆر لەسەر ئەم بابەتە هەیە، گوایە لە یاساکانی قەتەردا هەیە “ئەو کەسەی کاری هاوڕەگەزخوازی بکات سزاکەی لەسێدارەدانە” لە کاتێکدا ئەمیری قەتەر و سەرۆکی فیفا بەفەرمی ئەوەیان ئاشکراکردووە کە پێشوازی لە هەموو کەسێک دەکەن کە مەیلی ئەو بابەتەیان هەیە بەڵام پێویستە رێز لە کولتوور و قییەمی وڵاتەکە بگرن، دەزانن مەبەستیان چییە؟ (واتا مەچن لەسەر شەقامەکان پەلاماری یەک بدەن!).
گیانلەدەستدانی کرێکارەکان
ئەمەیان بابەتێکی مرۆژانەیە، بەڵام زیادەڕەویی زۆریشی تێدایە، میدیاکانی بەریتانیا و ئەمریکا لافی ئەوە لێدەدەن کە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 6500 کرێکار لە دروستکردنی باڵەخانە و یاریگەکاندا مردوون، لە کاتێکدا قەتەر خۆی دەڵێت” ئەو ژمارانە زۆر دوورن لە راستییەوە و لە ماوەی 10 ساڵدا تەنیا 37 کرێکار گیانیانلەدەستداوە، کە تەنیا سێ دانەیان بەهۆی کارکردنەوە بوو، تۆ سەیری ئەو ژمارانە چەند جیاوازن!
رەخنە لۆژیکییەکە ئەمەیە
سەرلەبەری ئەو میوانداریکردنەی قەتەر بە گەندەڵی دەستیپێکردووە و دەرهاوشتەشی هەبووە، بەڵام بەڕاستی مۆندیالێک لە زستاندا بکرێت لۆدێکی زۆر لەسەر یاریزانان دروستدەکات، ریتمی خولەکان زۆر خاو دەکاتەوە، پێکانی یاریزانان زۆر دەکات، خشتەی یارییەکان تووشی ترافیک دەکات، واتلێدەکەن یانەکان بە نەمرونەژی تاکۆتایی بڕۆن بەهۆی ماندوبوونی یاریزانانیانەوە.