چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

تره‌مپ به‌ فه‌رمی خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی 2024 پاڵاوت

دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا، به‌ فه‌رمی رای گه‌یاند خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا له‌ ساڵی 2024 ده‌پاڵێوێت.

ئه‌و له‌ ناو ئاپۆرای لایه‌نگرانی له‌ ڤێلاكه‌ی له‌ فلۆریدا دوای راگه‌یاندنی پاڵاوتنی خۆی، به‌ توندی ره‌خنه‌ی له‌ جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا گرت.

ئه‌وه‌ سێیه‌م جاره‌ دۆناڵد تره‌مپ خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ده‌پاڵێوێت، وه‌ك ئاشكرایه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوو به‌ جۆ بایدنی دۆڕاند و هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ماوه‌یه‌ك هه‌رای لێ كه‌وته‌وه‌، تره‌مپ دیموكراته‌كانی به‌ فێڵ و ده‌ستكاری ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردن تۆمه‌تبار كرد، به‌ڵام دادگا ره‌تی كرده‌وه‌.

تره‌مپ له‌ ناو لایه‌نگرانی گوتی، وه‌ك چۆن ساڵی 2016 به‌ڵێنم پێدابوون ده‌نگی ئێوه‌ ده‌بم و به‌ ده‌نگی ئێوه‌ش ده‌مێنمه‌وه‌، واشنتن نشینه‌كان ده‌یانه‌وێ ئێمه‌ بێده‌نگ بكه‌ن، به‌ڵام رێ به‌م كاره‌ ناده‌ین.

هه‌روه‌ها گوتی، ئه‌وه‌ی له‌ شه‌ش ساڵی رابردوو بنیاتی ناوه‌ گه‌وره‌ترین بزووتنه‌وه‌ی مێژووییه‌، چونكه‌ پێوه‌ندیدار نییه‌ به‌ سیاسه‌ت، به‌ڵكو پێوه‌ندیداره‌ به‌ خۆشه‌ویستی ئێمه‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌ مه‌زنه‌ و رێ ناده‌ین تووشی شكست ببێت.

به‌گوێره‌ی رادیۆ فه‌ردا، تره‌مپ به‌ توندی به‌رگری له‌و چوار ساڵه‌ی ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی كرد و به‌ڵێنی دا، دیموكراته‌ چه‌په‌ توندڕه‌وه‌كان شكست پێ بێنێت، چونكه‌ ده‌یانه‌وێت  ئه‌مه‌ریكا له‌ ناخه‌وه‌ هه‌ڵته‌كێنن، خۆم كاندید ده‌كه‌م، چونكه‌ ده‌زانم هێشتا دنیا شكۆی راسته‌قینه‌ی ئه‌م گه‌له‌ی نه‌بینیوه‌ و ئێمه‌ ده‌گه‌ینه‌ لووتكه‌.

ئه‌گه‌ر تره‌مپ ببێته‌ سه‌رۆك، ئه‌وا ده‌بێته‌ دووه‌م سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كه‌ دوای شكستی دووه‌م خولی هه‌ڵبژاردن، له‌ هه‌ڵبژاردنێكی تردا سه‌رده‌كه‌وێت.

 له‌ ساڵی 1982 گروڤ كلیڤله‌ند دوای ئه‌وه‌ی جارێك سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكای كرد و جارێكیش شكستی خوارد، له‌ سێیه‌م جاردا بووه‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌گه‌ر تره‌مپ سه‌ربكه‌وێت، ده‌بێته‌ دووه‌م سه‌رۆك له‌ مێژووی ئه‌مه‌ریكا كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێته‌وه‌ سه‌رۆك.