چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پۆلیس ڕوونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕووداوی كوشتنی ئافره‌تێك ئاشكرا ده‌كات

ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر ئه‌مڕۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر ڕووداوی كوشتنی ئافره‌تێك له‌ شاره‌كه‌ بۆ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن ئاشكرا ده‌كات.

هۆگر عه‌زیز گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر ڕایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ چوارشه‌م پۆلیسی هه‌ولیر به‌ بوونی ڕووداوێكی كوشتن له‌ گه‌ڕه‌كی هه‌ولێری نوێ ئاگادار كرایه‌وه‌.

ڕاشیگه‌یاند: دوای گه‌یشتنی تیمێكی لێكۆڵه‌ره‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌مان بۆ شوێنی ڕووداوه‌كه‌، ده‌ركه‌وت كه‌ هاووڵاتییه‌كی ئافره‌ت به‌ ناوی (فێنك حوسێن باپیر) ته‌مه‌ن 38 ساڵ كوژراوه‌.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: ئافره‌ته‌كه‌ له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ به‌ناوی (س. م. ا) ته‌مه‌ن 55 ساڵ له‌سه‌ر كێشه‌یه‌كی خێزانی به‌ چه‌كی ده‌مانچه‌ كوژراوه‌.

پۆلیسی هه‌ولێر جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ دوای به‌دواداچوونی هێزه‌كانی پۆلیس بۆ كه‌سی تاوانبار، توانرا له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا تاوانبار ده‌ستگیر بكرێت و دوای ده‌ستگیركردنیشی دانی به‌ تاوانه‌كه‌ی دانا.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ رووداوه‌كه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌  و لیكۆلینه‌وه‌كانیش له‌گه‌ڵ تاوانباره‌كه‌ به‌رده‌وامه‌.

هۆگر عه‌زیز سه‌باره‌ت به‌ تاوانه‌كانی كوشتن له‌ شاری هه‌ولێر له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌ واته‌ 1/11‌ تا ئه‌مڕۆ كه‌ 15/11یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چوار حاڵه‌تی كوشتن ئه‌نجامدراوه‌، ڕووداوه‌كانیش بریتی بوون له‌:-

ڕووداوی یه‌كه‌م له‌ 2/11 ڕووی دا و توانرا تۆمه‌تبار‌ كه‌ ئافره‌تێك بوو ده‌ستگیر بكرێت.

ڕووداوی دووه‌م له‌ 5/11 بوو كه‌ كه‌سێك برایه‌كی خۆی كوشتبوو و تاوانباریش ده‌ستگیر كرا.

ڕووداوی سێیه‌م له‌ 13/11 ڕووی دا كه‌ كه‌سێك دوای كوشتنی هاوسه‌ره‌كه‌ی، كۆتایی به‌ ژیانی خۆشی هێنابوو.

ڕووداوی چواره‌میش ئه‌مرۆ چوارشه‌م 15/11 ڕووی دا كه‌ باسمان كرد كوشتنی ئافره‌تێك بوو له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌.