مەحمود محەمەد هونەرمەندی میللی شاری سلێمانی و ناسراو بە (خولە دۆم) ئاشكرای دەكات ئێستا لەبەر نەخۆشینە کە گۆرانی ناڵێت ئەگین وازی لە گۆرانیچڕین نەهێناوە و بەردەوام دەبێت لە كاری هونەریدا.
مەحمود محەمەد لەم گفتوگۆیەدا بۆ “هەولێر” باس لەوە دەكات ماوەی چەند مانگێگ دەبێت قوڕگ و دەنگی تەواو نیو و ناتوانێت گۆرانی نوێ بڵاو بكاتەوە و بەشداری دانیشتنەكان بكات؛ دەڵێت: “لەو كاتەوەی توشی جەڵدەی دەماخ و کپداگەڕانی مێشک بووم بەردەوام گێژم؛ وەکو بڵێی دەرمانخوارد كرابێتم”.
دەشڵێت: “لە سەرەتای حەفتاكانی سەدەی ڕابردەوە دەستم كردووە بە كاری هونەری؛ سەرەتا بە بەندبێژی و گۆرانی [دیلانە]ی میللی دەستم پێكردووە؛ بەدەر لەو گۆرانیانەی وتوومەتەوە هی هونەرمەندانی پێش خۆم، خاوەنی پەنجا گۆرانیی خۆمم كە لە گۆرانیی بەستە و شاد و مەقام پێك هاتوون”.
ئەو دەڵێت: “زۆرینەی كارە هونەریەكانی لەسەر ئەرکی خۆی كردووە و لە داهاتی ڕۆژانەی گل داوەتەوە تا كارە هونەریەكانی پێ تەواو بكات؛ ئەگەربێتو سەندیكای هونەرمەندان هاوكاری مادی نەكەن و هاوكاری نەبن ئەوا قورس دەبێت كارێكی نوێی هونەری تۆمار بكات بەڵام بەردەوام دەبێت لە بەندبێژیدا”.
لە بارەی ئەوەی ئاخۆ هونەرمەندانی بەندبێژ لە ئێستا و ڕابردوودا جیاوازیان هەیە یان نا، ئەو ڕوونی دەكاتەوە بەندبێژی ئێستا زۆربەیان بەند ناڵێن، تەنیا قسە دەكەن بەسەر ئەم و ئەودا؛ بەسەریەكەوە قسە دەكەن و كردوویانە بە بەند؛ بەندبێژی ئێستا چوار مەقام بە باشی نازانن كە پێویستە مەقام بزانن.
ئاشكراشی دەكات بەرپرسانی شاری سلێمانی، شاری ڕۆشنبیرییان كردوە بە شاری ئیهمالكردن [پشتگوێخستن]؛ وەکو پێسویست، هیچ بۆ هونەرمەند ناكرێت و تا ئێستا ئاوەڕی لێ نەدراوەتەوە.