ئهمڕۆ دووشهم له شاری ههولێر وێستگەی شاوێس بە توانایی گواستنەوەی 189 مێگاوات كارەبا كرایهوه كه بەشێکی زۆری کێشەی بارزۆریی کارەبا لە باکوری هەولێر چارەسەر دەکات.
وێستگەی كارەبای 132 کەی ڤیی شاوێس لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی کەمال محهمهد ساڵح وەزیری کارەبا و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر کرایەوە.
وهزارهتی كارهبای ههرێمی كوردستان ڕایگهیاند: وێستگەكە بە گوژمەی 15 ملیۆن و 917 هەزار دۆلار لە لەلایەن كۆمپانیای زاگرۆسەوە جێبەجێ كراوە.
ڕاشیگهیاند: وێستگەی شاوێس بە بەرزترین كواڵیتی و سیستەمی هاوچەرخ دروستكراوە و رۆڵی دەبێت لە چارەسەركردنی بارزۆری و كەمی ڤۆڵتییە بۆ وێستگە و فیدەرەكانی شاوەیس و تەواوی گەڕەكەكانی دەوروبەری وێستگەكە.
وهزارهتی كارهبا ههروهها ڕایگهیاند: وێستگەكه بارزۆری لەسەر وێستگەكانی 132 كەی ڤیی باکوور و پێرزین و هەولێری نوێ و وێستگەی مۆبایلی 132 کەی ڤیی سەفین و مەلائۆمەر کەم دەکاتەوە.
ئاماژهی بهوهش دا كه وێستگەکە توانای گواستنەوەی 189 مێگاوات كارەبا هەیە و لە 10 فیدەری 132 کەی ڤی جۆری (GIS) و 15 فیدەری 33 كەی ڤی و 27 فیدەری 11 كەی ڤی و 3 محاویلەی قەبارە گەورە 40/50/63 MVA پێکهاتووە.
جهختیشی كردهوه كه وێستگەی شاوێس لەگەڵ وێستگەکانی بازاری نیشتمان و باداوە و نوسەران بارزۆریی بەشێکی زۆری لەسەر تۆڕەکانی کارەبا لە شاری هەولێر چارەسەر دەکات.