هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

سەرۆکی هەرێمی کوردستان: هیچ بیانوویەک بۆ هێرشەکانی ئێران نییە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە، “هیچ بیانوویەک بۆ هێرشەکانی ئێران نییە” و داوای لە حکومەتی بەغدای کرد هەڵوێستی هەبێت و بێتەدەنگ.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە 14ـی تشرینی دووەم) رایگەیاند: هەرێمی کوردستان دووپات لەوە دەکاتەوە کە دەیەوێت فاکتەری سەقامگیری لە ناوچەکەدا بێت و پەیوەندی باشی لەگەڵ هەموو دراوسێیەکانیدا هەبێت، لەگەڵ ئێرانیش بە هەمان شێوە. ئەوەی ئێمە لە تواناماندا بووە کردوومانە و بەردەوامیش دەبین و نابێت هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ وڵاتانی دراوسێ.

هەروەها نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردوە: هاوکات ئیمە هیچ بیانوویەک بۆ مووشەکباران و ناردنی درۆن بۆ سەر کوردستان نابینین و داوا دەکەین سنوورێکی بۆ دابندرێت. ئەمە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە و داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین لەو مەسەلەیەدا بێتە دەنگ و سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکارییانە دابندرێت.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە 14ـی تشرینی دووەم) هێرشکرایە سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردسانی ئێران لە زڕگوێز و بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان تا ئێستا سێ کەس شەهیدبوونە و پێنج کەسیش بریندارن.

بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی دەنگوباسی فارس، هێرشەکە لە شاری ورمێ و لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئەنجامدراوە و تێیدا مووشەک و فرۆکەی بێفرۆکەوان بەکارهاتووە.

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو هێرشانەی سەرکۆنەکرد.

سەرۆکوەزیرانی گوتی: ئێمە لەلایەک ئیدانەی ئەم دەستدرێژییە و پێشێلکردنی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەین، لەهەمانکاتدا هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، ئارەزوو دەکەین شەهیدەکان جێگەیان بەهەشت بێت. 

رۆژی 28ـی ئەیلولی رابردوو، بارەگا و کەمپی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە،  کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ، بوونە ئامانجی هێرشی درۆنی و تۆپخانەیی سوپای پاسدارانی ئێران