مەسرور بارزانی بەبۆنەی یادی 238 ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانییەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی شاری سلێمانی و هەموو کوردستانیان کرد و رایگەیاند، شاری هەڵمەت و قوربانی شایستەی باشترین خزمەتە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکیدا لە مەراسیمی راگەیاندنی ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، “ئەمڕۆ یادی 238 ساڵەی دامەزراندنی شاری سلیمانی خۆشەویستە و بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خۆمان و خەڵکی سلێمانی و هەموو کوردستانیان دەکەم”.
مەسرور بارزانی لەبارەی پێگەی سلێمانییەوە گوتی: شاری سلێمانی لە مێژووی خەبات و تێكۆشانی گەلەکەماندا پێگەیەکی بەرچاو و بەرجەستەی هەیە، شاری هەڵمەت و قوربانی و پایتەختی رۆشنبیریمان شایستەی باشترین خزمەتە.
سەرۆکی حکومەت هیواخوازە بە هاوکاری دڵسۆزانی گەلی کورد، نیگەرانییەکانی خەڵکی شاری سلێمانی بڕەوێننەوە و گوتیشی “دوور لە دەستوەردانی حزبی و تاکڕەوی، یاسا سەرەوەر بێت و هەموو بەربەستەکان بەلاوەبنێین، تاوەکو بتوانین لەڕووی ئیداری و ئاوەدانی، گرنگیەکی زیاتر بە سلێمانی بدەین کە لە ئاست پێگەی رەسەنی ئەم شارە بێت”.