دەربارەی زمانی سیاسەت و هاونیشتمانییەتی

فازڵ میرانی

ئەمڕۆ لە عێراقدا زمانێکی سیاسیی یەکگرتوو نییە، ئەمە کەمایەسی نییە، چونکە هەمەڕەنگیی زمانەکان، هەمەڕەنگیی زمانی سیاسەت پێک دەهێنن. کەمایەسییەکە لەوەدایە کەسی سیاسیی، بە زمانێکی پووچ گفتی گەورە بدات و لە هەمان کاتدا لە جێبەجێکردنی گفتەکانیدا خەمسارد بێت، هەرچەند ئەو کەسە لە پێگەی خۆیەوە دەستەڵاتی بڕیاردانی پێویستی هەبێت.
ئێمەی نەوەی سیاسیی حزبی و کورد و مرۆڤدۆست، زمانی عەرەبی بە چاکی دەزانین، لەبەر ئەوەی زمانی ئەوڕژێمانەی سێ لەسەر چواری خاکی کوردستانیان داگیر کردووە، بە زمانەکەی ئێمە قسە ناکەن، ئێمە ناچارین ڕاگەیاندن و بڕیار و گفتوگۆ و خەبات و تەنانەت تێکۆشان و شەڕیشمان بە زمانی خۆیان پێڕابگەیەنین. ئەوان وایان هەڵبژاردووە و ئێمەش ئاوهامان کردووە. ئەوان زۆر جاران هەوڵیان داوە دزە بکەنە نێو زمانەکەی ئێمەوە تا شێوازی بیرکردنەوەی خۆیانی تێوە ترنجێنن، ئیدی دەنگی وشەکە کوردییە و ناوەرۆکەکەی بە ئامادەکراوی وەرگێڕدراوی گواستراوەتەوە و کەڵەکە بووە، تا کۆمەڵێک، یان نەوەیەک، پێبگەن و هەمان ناوەرۆک بە پتر لە زمانێک بڵێن.
ئەم شێوازە کە هاتووەتە نێوە زمانی گفتۆگۆی ڕۆژانەوە، لەڕاستیدا داگیرکردنێکی نەرمی فەرهەنگییە، هەرچەند لەڕواڵەتدا وەک چاکە دەردەکەوێت، بەڵام لە مەودای دووردا مەبەست تیرۆرکردنی هەمەڕەنگیی فەرهەنگی و سەلماندنی باشتریی نەتەوەیەکە بەسەر نەتەوەیەکی دیکەدا. لە کەس شاراوە نییە کە چەندین نەوە، ئێستەشی لەگەڵدا بێت، ڕووبەڕووی ئەو هێڕشە فەرهەنگییە بوونەتەوە کە هێشتا کەسانێکی زۆر هەستیان بە مەترسییەکانی نەکردووە.
لە نێوان گفتۆگۆمان بە زمانێکی هاوبەش بەڵام بە هزرێکی سەربەخۆی پاکژ و گفتوگۆمان بە دوو زمانی جیاواز و هەمان هزری عەقائیدی هاوبەش، جیاوازییەکی زۆر هەیە، ئەمە سەرباری گفتوگۆی نێو کۆمەڵە فەرهەنگییەکان.
من وا هەست دەکەم، تەجروبە و بەرەنجامەکانیش سەلماندوویانە، کە زمانی سیاسی لەم بەشەی کریاری سیاسەتی ئەمڕۆدا، لە نێوان نەوە دروستکەرەکانیدا دەخولێتەوە. ئاخر ژیان بەردەوامە و تازە و نوێکردنەوەش سروشتی ژیانە، ئەو نوێگەرە خاوەنبڕیارانەش دەبێ لە ژێر سایەی بەرژوەندییە هاوبەشەکاندا لێک بگەن؛ هەندێکیان خەمی بەرژەوەندییەکانی نیشتمان دەخۆن، هەشیانە بەرژەوەندیی نیشتمان دەکاتە قوربانیی بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆی، جیا کردنەوەی ئەوەش دەکەوێتە ئەستۆی کەسانی هۆشیار و خاوەن لایەنیڕەسەن بۆ ئەوەی هاوسەنگییەکە لە قەیران و کارەسات تێپەڕێنێت. لەوەش گرنگتر، زیاتر گرنگیدانی تایبەت و پشتیوانیی تایبەتیی داراییە بە پرۆسەی فێرکردن و فەرهەنگ و ئاراستەکردنی بەرەو ئاسۆی خزمەت بە گەل و نیشتمان. چونکە مایەی مەترسییە هەندێ هزری سەر بە هەندێک لایەن، بە کاریگەریی بیری داگیرکاریی، لەڕاستەڕێی ئاسایش و ئارامی و ژیانی سەربەرزانە و پرۆگرامی گەشەپێدان لە شار و لادێکاندا، پێچەوانەی بیرکردنەوەی خەڵک، لابدات و وا بزانێ عەسکەرتاریا و پاشکۆکانی بنەمای ڕەسەنن و ئەوانی دی پووچ و تەمەنکورتن!
چەندین نەوە باجی گرانی ئەو بیرکردنەوە هەڵەیەیان بە خوێن و گیان و ماڵ، زیندان و هەژاری و دواکەوتوویی داوە، کەچی هێشتا ئەم شێوازی بیرکردنەوەیە لای هەندێ ناسنامەی حزبی هۆشیارانەیان گەوجانە، بەردەوامە. ئەوان هەر مەبەستێکیان هەبێت، ئێمە ناچار نین ببین بە لانکەی ئەو جۆرە نەخۆشییەی کە کەسانێکی خاوەنزمانی سیاسیی بەتاڵ خەون بەوەوە دەبین ئێمەی تێوە گلێنن. ئاخر خەڵک لە گوتاری سواو و لە واقیعی گەل و کۆمەڵگە دابڕاو، بێزار بوونە.
ئێمە ئەم هۆشیاریی و دووربینییە لە ڕێبازی مستەفا بارزانییەوە فێر بووین، کە لە زووەوە داخوازیی نیشتمانپەروەریی سەنگینی دەکرد بە زمانێکی پڕ مانا بۆ دارشتنی ئەو ڕستەیەی وەسفی واقیع بکات و ڕاستیی هاوسەنگیی دەستکەوتەکان دەربخات. ئێمە بە زمانی کوردی و عەرەبی و تورکیی و زمانەکانی دیکە پاڵپشتیی مەسەلەڕەواکەمان دەکەین نەک بەو زمانە سووک و بەتاڵە کە هەرگیز لەگەڵ هزری قووڵ و بیرکردنەوەی وردی بارزانییدایەکناگرنەوە، بیرکردنەوەیەک هەرگیز ژەنگی نەهێناوە و ژەنگیش ناهێنێ. هەر بۆیەکا هاونیشتمانییەتیەکەشمان بێوەی و پتەوە.

  • لەڕۆژنامەی (الزمان)ەوە
ھەواڵی زیاتر