ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی یه‌كه‌مجاره‌ له‌ مۆندیالی قه‌ته‌ر په‌یڕه‌و ده‌كرێن

مۆندیالی 2022ی قەتەر کۆمەڵێک تایبەتمەندی دەبێت، چونكه‌ بۆ یەکەمجار كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری نوێ لەم مۆندیالە په‌یڕه‌و ده‌كرێت، لە نێوانیاندا بوونی ناوبژیوانی ئافرەت و تەکنەلۆژیای ئۆفسایدی نیمچە ئۆتۆماتیکی، جگه‌ له‌وه‌ش تۆپە تایبەتەکەی مۆندیال هەستەوەرە و راستەوخۆ زانیارییەکان تۆمار دەکات.

ناوبژیوانی ئافرەت
لە نێوان 105 ناوبژیوان، فیفا بڕیاریدا 3 خانمە ناوبژیوان بۆ مۆندیال دەستنیشان بکات، ستیفانی فراباری فەرەنسی، سالیما موکاسنجای رواندایی و یوشیمی یاماشیتای ژاپۆنی، لەگەڵ سێ ناوبژیوانی دیکەی یاریدەدەر بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکانی مۆندیالی ٢٠٢٢ دەستنیشان کران.

بژمێری کارتەکان
ئەگەر یاریزانێک یان دەستەی راهێنەران لە دوو یاریی جیاوازدا دوو کارتی زەردیان وەرگرت، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بۆ یاریی دواتر سڕ دەکرێت، بەڵام بۆ ئەوەی هیچ یاریزانێک لە یاریی کۆتایی بێبەش نەکرێت، لە قۆناغی پێشکۆتایی ژمێرەری ئاگادارکردنەوە سفڕ دەکرێتەوە.

تەکنەلۆژیای ئۆفسایدی نیمچە ئۆتۆماتیکی
بۆ یەکەمجار لە مۆندیالی 2022 تەکنەلۆژیای ئۆفسایدی نیمچە ئۆتۆماتیکی بەکار دەهێنرێت، ئەم تەکنەلۆژیایە ناوبژیوانان بە وردی لە بوونی حاڵەتی ئۆفساید ئاگادار دەکاتەوە.

تۆپی نوێی مۆندیال
تۆپی فەرمی بۆ مۆندیالی قەتەر رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە دیاریکردنی حاڵەتە زەحمەتەکانی ئۆفساید، بەو پێیەی تۆپێکی هەستەوەرە و سەرجەم داتاکانی جوڵەی تۆپ، بۆ ژووری کۆنتڕۆڵی ڤیدیۆیی بە خێرایی 500 جار لە چرکەیەکدا دەنێرێت، تەنانەت دیاریی دەکات کە لە کوێی تۆپەکە دراوە، لە هەمان کاتدا ئاگادارکردنەوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەدات بە ڤار کاتێک یاریزانێک لە حاڵەتی ئۆفساید دەبێت، لەگەڵ بوونی چەندین تایبەتمەندی سەرنجڕاکێش لەم تۆپەدا.

زیادکردنی ژمارەی گۆڕانکارییەکان
فیفا چەند یاسایەکی هەمووار کردووەتەوە و بڕیاریداوە بە شێوەیەکی کۆتایی پێنج گۆڕانکاریی لە یارییەکاندا بکرێت، هەروەها یاسای گۆڕانکاری یاریزانان لە سێ ماوەدا بەردەوام دەبێت.

ھەواڵی زیاتر