شیڤان شێرزاد – هەولێر
لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ، کە بە بەشداری وڵاتانی عەرەبی و جیهانی کە لە پایتەختی هەرێمی کوردستاندا بۆ ماوەی هەفتەیەک بەڕێوە دەچێت، شانۆ و کولتووری جیاوازی وڵاتان نمایش دەکرێ.
بڕیارە لە چوارچێوەی ئەو شانۆگەریانەدا میوانانی ڕووسیا ئامادەی شانۆگەرییەکەی وڵاتی ئۆکراین بن، کە ئەوانیش بەشدارن، هەرچەندە ئەو دوو وڵاتە ئێستا لە جەنگدان، بەڵام نایانەوێت هونەر تێکەڵ بە دۆخی سیاسی وڵاتەکانیان بکەن و تینووی بینینی نمایشەکانی یەکترن.
(هیوا سوعاد یونس) بەڕێوەبەری هونەری شانۆی هەولێر لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لەم خولەی فیستیڤاڵەکەدا هەوڵ دەدەین ڕوخسارێکی مۆدێرن و پێشکەوتوو لە کار و پڕۆژە هونەرییەکانمان لە بواری شانۆدا نیشانی میوانە بیانیەکان بدەین، هاوکات ڕۆژانە لە دوو کاتی جیاوازدا لە هۆڵەکانی شانۆ و پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر دەست بە نمایشەکانمان بکەین، پاشان بە خەڵاتی ڕێزلێنان و دیاریکرنی باشترین بەرهەم و ئەکتەر و سیناریۆ کۆتایی بە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکەمان بێنین.
هاوکات دەشڵێت: لە ڕۆژانی فیستیڤاڵدا هونەرمەندانی کورد دەتوانن چەندین گرێبەستی هونەری بۆ ئاڵوگۆڕی هونەری کوردی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و جیهانیدا واژوو بکەن، تا بتوانن چەند پڕۆژەیەکی هاوبەش گەڵاڵە بکەن و، لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان نمایشی بکەن.