فازڵ میرانی: دەنگدان بە پارتی، دەنگدانە بە ئەزموونی ھەرێمی كوردستان

ئەمڕۆ لە چوارچێوەی كەرنەڤاڵی هەڵبژاردندا، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، تیشكخی خستە سەر بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەكان و جەختی كردەوە، خەڵكی كوردستان پێویستیان بە حزبێكی ئەزمووندارە و پارتیش تاكە حزبە سەقامگیریی تێدایە. میرانی گوتیشی، دەنگدان بە پارتی، دەنگدانە بە ئەزموونی ھەرێمی كوردستان.

فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند: “بانگەشەی ئێمە لە ھەڵبژاردن بۆ ئەوەیە، ببینەوە بە حزبی یەكەم، بەڵام حزبی یەكەم بە مانای ئەوە نایەت ئێمە یەكەم و حزبێكی دیكە دووەم، بەڵكو یەكەم بۆ ئەوەیە بۆ پارێزگاریكردن لە كوردستان بمێنین، ئێمە ھێزێك نین بە خەڵكی دیكە بڵێین بڕۆن و ئێمە دێین، بەپێچەوانەوە، دەڵێین ئێمە چووین و ئێوەش وەرن، چونكە وەك پارتی ھەر وا بووین”.

سكرتێری مەكتەبی سیاسی دەشڵێت: “قسەنەكردنی پارتی لە ھەندێ بابەتدا، بە مانای ئەوە دێت، بێدەنگیی لای ئێمە زێڕە، زۆر قسەكردنی خەڵكێكیش زیوە، بێگومان زێڕ و زیو جیاوازییان زۆرە، پارتی قوتابخانەیەكە تایبەتمەندیی خۆی ھەیە و لە ھیچ ھێزێكی دیكەش ناچێت، چونكە خاوەن ئەزموونین و ھەوراز و نشێوی زۆری بینیوە، پارتی ھێزێكە تەنیا بە شوێن سەروەرییەكانی ناكەوێت، بەڵكو بە شوێن ھەلەكانیشدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی ئەگەر پێمان بكرێت، ئەوەی رابردوو چارەسەر بكەینەوە، ئەوە باشە، بەڵام ئەگەر كاتی بەسەردا چوو، ئەوە مرۆڤ نەھێڵێ دووبارە ببێتەوە، حزبێكی وەھا یان سەركردەیەكێ وەھا بە دڵنیاییەوە لە سەركەوتن نزیكە”.

فازڵ میرانی روونیشی كردەوە: “ئێمە ھەموومان پەروەردەی دەستی مامۆستایانین و ئەوەی ئەمڕۆ بەدەست ھاتووە، بەرھەمی ئێوەیە، یەكێك لە دەستكەوتەكان فیدڕاڵییەتە، بێگومان ئەو فیدڕاڵییەتە بەرھەمەكەی ھی ساڵی ١٩٩٢ نییە، بەپێچەوانەوە بەرھەمەكەی بۆ ساڵی ١٩٧٤ دەگەڕێتەوە و دەستپێكی بۆ نووسراوە و نەخشەی بۆ دیاری كرابوو، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٢ پەرلەمانی كوردستان پەسەندی كرد، واتە ھەوێنی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ١٩٧٤ دەگەڕێتەوە”.

میرانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: “دەنگدان بە پارتی، دەنگدانە بەو ئەزموونەی كوردستان، خەڵكی كوردستان پێویستی بە حزبێكی ئەزمووندار ھەیە، بە حزبێكی یەكگرتوو ھەیە، لە دوای ساڵی ١٩٧٩ پارتی یەكەم حزبی كوردستانییە سەقامگیریی تێدایە، ئەوە نەبێت ئێمە كێشە و بۆچوونی جیاوازمان نەبێت لەنێو پارتیدا، بەڵام ئێمە حزبێكی یەكگرتووین و وابەستەین بە مەرجەعی خۆمان”.

ھەواڵی زیاتر