سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لە ڕێگەی چەندین پرۆژەی ستراتیجییەوە كۆمپانیاكانی وڵاتی ژاپۆن هاوكاریی هەرێمی كوردستان دەکەن

بە سەرپەرشتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دیداری نێوان كۆمپانیاكانی كوردستان و كۆمپانیاكانی وڵاتی ژاپۆنی ڕێکخست.

ئەمڕۆ یەكشەممە، ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، دیداری نێوان كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی وڵاتی ژاپۆن ڕێكخرا و تێیدا كۆمەڵێك هەلی كاری هاوبەش خرانەڕوو.

لە دیدارەكەدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار خۆشحاڵیی خۆی بۆ زیاتر پتەوبوونی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و وڵاتی ژاپۆن دەربڕی، بەتایبەتی هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی جایكا و گوتی: “ئەمە بەڵگەیەكی بەهێزە كە هەرێمی كوردستان ژینگەیەكی لەبارە بۆ كاركردن، هەروەها بەڵگەیە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەماهەنگێكی ڕاستگۆیە و بە سوپاس و پێزانینەوە دەڕوانینە هاوكاری و دۆستایەتییەكانتان.”

ئەوەشی خستە ڕوو كە كۆمپانیاكانی وڵاتی ژاپۆن، بۆ بونیاتنانی ژێرخانی هەرێمی كوردستان، هەموو پشتیوانییەكیان لە بوارەكانی ڕاوێژكاری، ماستەرپلان، پڕۆژەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و چارەسەری ئاوی قورس لە چەند شارێكی كوردستان، مۆزەخانەی سلێمانی و چەندین بواری دەربڕیوە.

دیدارەكە بە هەماهەنگیی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی و ئاژانسی جێترۆی ژاپۆنی و ئامادەبوونی ژمارەیەك كۆمپانیای گەورەی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو؛ لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە، نوێنەری تەواوی وەزارەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بەشدار بوون و ژمارەیەك لە كۆمپانیای ناخۆییش لە دیدارەكەدا ئامادە بوون.

ساسان عەونی ڕوونیكردەوە، “ئەمە سێیەم دیدارە لە ماوەی دوو ساڵدا كە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەنێوان كۆمپانیاكانی وڵاتی ژاپۆن و كۆمپانیاكانی كوردستان ڕێكیدەخات. لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوەی ئۆنلاین ئەم دیدارە ساز كرا و زیاتر لە ٨٠ كۆمپانیای وڵاتی ژاپۆن بەشداربوون و ئێستە بەشێكی ئەو كۆمپانیایانە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و بە چاوی خۆیان پێشكەوتنەكانمان دەبینن.”

لە دیدارەكەدا كە لە هۆتێلی هەولێری نێودەوڵەتی (شیراتۆن) بەڕێوەچوو، چەند پرێزنتەیشنێك لەلایەن ئامادەبووانەوە نمایش كرا.

  • 1
  • 2