سلێمانی ، پایتە‌ختە‌ بێنازە‌كە‌ی ئە‌دە‌ب و رۆشنبیری

شیلان فەرەج

سلێمانی لەسەرەتای دامەزراندنیەوە جگە لەوەی کە پاتەختی میرنشینی بابانیەکان بووە، لەهەمان کاتیشدا بووەتە پاتەختی ئەدیبان و شاعیرانی کلاسیکی و ناوداری کورد و زانایانی گەورەی ئاینی وڕۆشنبیران و مننەوەرانی کورد، هەر ئەم مێژوە پرشنگدارەشی وای کرد تا لە سەردەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بە ڕەسمی بکرێتە پاتەختی ڕۆشنیری و وەک شاری ئەدەب و هونەر و گۆرانی و میوزیک دەستنیشان بکرێت.
قسەی. زۆر لەسەر لایەنی ئەدەبی و ڕۆشنبیری و هونەری
ئەم شارە کراوە، بەڵام کەمتر باسی لایەنی کۆمەڵایەتیی سلێمانی قسە کراوە؛ یەکێک لە خەسڵەتە جوانەکانی ئەم شارە بە هێزی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە لە نێوان تاک و خێزانەکاندا، یەکێکی دیکە لەخەسڵەت و سروشتە جوانەکانی ئەم شارە، کراوەیی کۆمەڵایەتی و ئازادیی زیاتری ژنانه کە ئەگەر هەر کەس سەردانێکی کورتی ئەم شارە بکات ڕاستەوخۆ هەست بەوە دەکات کە لەم شارەدا کراوەیی کۆمەڵایەتی و ئازادیی ژنان زیاتر و بەرچاو ترە ..
ساڵانە کاتێک یادی بنیادنانی ئەم شارە دەکرێتەوە، جگە لە هەندێک چالاکی هونەری و فەرهەنگی دووبارە و ڕووکەش، هیچ پرۆژەیەکی گرنگی هونەری و ئەدەبی نەکراوە کە کاریگەری بەرچاویان لەسەر پرۆسەی ئەدەبی و ڕۆشنبیری شارەکە هەبێت..
دەبێت ئەو پرسیارە بکرێت بۆچی ئەم شارە بەم دەردە براوە؟ بۆچی خزمەتی پێویستی ناکرێت؟ بۆچی پرۆژەی گەورە و گرنگی هونەری و ڕۆشنبیری تێدا ساز نادرێت و بە کردەوە ئەم شارە ناکرێتە پاتەختی ڕۆشنبیری؟! وەڵامی ئەم پرسیارانە لای بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی ئەم شارەیە، بۆیە پێویستە هەموو ساڵێک لەیادی دامەزراندنی ئەم شارەدا پێش ئەوەی چەند چالاکیەکی ڕوکەش و دووبارە و چەند بروسکەیەکی پیرۆزبایی پڕ لە زیادەڕۆیی ببینین و بخوێنینەوە، دەبێت بەرپرسانی شار بخەینە بەر لێپرسینەوەی لە هۆکانی پاشەکشەکردنی ئەم شارە لە جوانییەکانی و کز بوونی ڕۆڵی گرنگی لە مەیدانی هونەرو ئەدەب و ڕۆشنبیریدا. سلێمانی شارێکە، ئەگەرچی پشتگوێ خراوە و زوڵمی لێ کراوە و بەردەوام لێی دەکرێت، بەڵام هەرگیز خامۆش نابێت و گەشاوەییەکەی هەر بەردەوام ئەبێت.

ھەواڵی زیاتر