كەسوكاری ئەو مێرمنداڵەی شەوی رابردوو لە سلێمانی گیانی لە دەست دا، دەڵێن پۆلیس ئەو منداڵەی كوشتووە و گرتە ڤیدیۆكانی كامێراشیان سڕیوەتەوە.
ئەمڕۆ یەكشەم 13ـی تشرینی دووەم، كەسوكاری ئەو مێرمنداڵە 17 ساڵەی شەوی رابردوو كۆچی دوایی كرد، بە میدیاكانیان ڕاگەیاند، كوڕەكەمان هیچ كێشەیەكی نەبووە، ئەوەشی دەڵێن خۆی مردووە ناڕاستە.
زیاتر گوتوویانە، تەرمی منداڵەكەمان وەرگرتووەتەوە شوێنی قۆناغە تفەنگی بەسەرەوە بووە، ئێمە دەڵێین پۆلیس كوڕەكەمانی كوشتووە و خۆی نەمردووە، داوا دەكەین یاسا سەروەر بێت.
بەگوتەی كەسوكارەكەی، پۆلیسی سلێمانی كامێراكانی چاودێری كۆ كردووەتەوە و گرتە ڤیدیۆكانی سڕیوەتەوە، بۆیە گومانی تەواو هەیە كە كوژراوە.
پۆلیس لەسەر ئەو رووداوە پێشتر رای گەیاندبوو كە ئەو كەسە لە دەستی پۆلیس هەڵاتووە و لەسەر گردێك كەوتووەتە خوارەوە، ئێستە دۆسیەكەی لەلای پۆلیسە و لە لێكۆڵینەوەدایە.