تارا ئهمین سهپان
كاتێ
گوڵەکان دەژاکێن
زۆر دەترسم پەڕی
جوانی تۆش هەڵوەرێ
پەپوولەکان
ئیتر بۆنی روحی کێ بکەن؟
بە شیلەی
لێوی کێ مەست بن؟
سەرنج لەڕووخساری کێ بەن؟
لەوێ نەبووی
ئێستا چویتە سەر لێوی
کامە عەشقەوە؟
بەسەمفۆنیای کامە غوربەت
هیندە هیوای مەرگ دەکەی؟
بەزمانی کام قەسیدە
شیعرێکی هیجرەت دەنووسی؟
سپی، سپی وەکو بەفر
بەلوتکەی
نەهامەتیمدا دێیتە خوارێ
ئەم جارەیان..
بەبارانی ئەوێ بڵێ، لەم خاکەدا
تەنیا بنجکێک خۆشەویستی
سەوز نابێ
لەم نیشتمانە تاریکە
نە ئەوین و خۆشەویستی
گەورە نابێ
بەفریشتەی شەوان بڵێ
تا فەنابوون گوێیان لە ئاوازێک نابێ،
ئەگەر هاتی
بەئەسپایی لەدەفتەری یادەکانت
جارێکی تر مەرگی دووریم بنووسەوە
وێردو نزای بێدەنگی من
وەکو پەنجەی مناڵانی
دەشتی عەر عەر
بۆ دیوانی دەرگای ئاسمان بنێرەوە
هەر نەهاتی
ئەم سەفەرە ماندوویی کردم
لە پایزی کورد کوژیدا…
بەخەنجەری بێ بەزەیی
لە ویژدانی ئەمرۆ و سبەی
چیرۆکی ئازاری نووسی
ئەی نەتبینی.
ڕوحەکان چۆن یاخی دەبوون؟
هەناسەکان..
بۆنی ناپاکییان لێدەهات؟
لە شەوێکی مانگە شەودا
گوێت لە دەنگی ویژدان نەبوو
نەفرەتی لە مردن دەکرد؟