هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
ماوەی سێ ساڵە یانەی بابان لەشاری سلێمانی دامەزراوە و دوو وەرزە لە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان یاریدەکات، ماوەی زیاتر لە چل ڕۆژە یانەی بابان دەستی کردووە بە ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، یانەکە ئەمساڵ جیاواز لەساڵانی رابردوو ئامانجی ئەوەیە بگاتە خولی یانە نایابەکانی کوردستان، دەربارەی ئامادەکاری یانەکە و کێشەو گرفتەکانی تیپەکە هۆگر عەبدوڵڵا ڕاهێنەری بابان قسەی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر کرد.
زیاتر لە مانگێکە ئامادەکاری دەکەن
ماوەی دوو وەرزە یانەی بابان لە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان بەشدارە، وەرزی ڕابردوو یانەکە لە کۆمەڵەی یانەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی یاریدەکرد و لە پلەی پێنجەمی کۆمەڵەکەی هات، هۆگر عەبدوڵڵا ڕاهێنەری پێشووی یانەی دەربەندیخان ئەم وەرزە ڕاهێنەری تیپەکەیە و دەربارەی ئامادەکارییەکانی ئەم وەزەی تیپەکەیش لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر بەمجۆرە قسەی کرد و گووتی: ماوەی زیاتر لە ٤٠ ڕۆژە وەکو یانەی بابان دەستمان کردووە بە ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی نوێی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، تیپەکە بەبەراورد بە وەرزی ڕابردوو گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە و تەنیا ٥ یاریزانی وەرزی ڕابردوو لە تیپەکە ماون و ئەم وەزە کۆمەڵێک یاریزانی زۆرمان بۆ تیپەکە هێناوە و پێکهاتەیەکی لاومان هەیە، سێ یاریزانی پیشەگەریش لەڕیزی تیپەکە هەن کە لە بەغدا و تکریتەوە پەیوەندییان پێوە کردووین.
بابان لە ماوەی ئامادەکارییەکانیدا بۆ یارییەکانی ئەم وەرزە، هەشت یاری دۆستانەی کردووە لەچوار یاریدا یانەی بابان سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە دوو یاریدا توشت شکست بووە و دوو یاریشی یەکسان کردووە، لەکۆی ئەو هەشت یارییەی ئەنجامی داوە ١٥ گۆڵی تۆمارکردووە و ٧ گۆڵی لێکراوە.
ئامانجی یانەکە چیە؟
هۆگر عەبدوڵڵا ڕاهێنەری یانەی بابان زیاتر قسەی کرد و ئامانجی یانەکەی بۆ یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان ئاشکرا کرد، لەو بارەیەوە گووتی: وەکو هەموو یانەکانی تر یەک ئامانجمان هەیە، ئەویش بەدەستهێنانی پلەکانی پێشەوە و گەیشتنە بە خولی نایابی کوردستانە، بەڵام کێشە گرفتمان هەیە لەڕووی لایەنی دارایی و هەروەها کێشەی یاریگەیشمان هەیە ئەو یاریگەیەی کە مەشق و ڕاهێنانی تێدا ئەنجام دەدەین وەکو پێویست نیە و لەڕووی ڕوبەرەوە بچوکە ئەمەیش گرفتی بۆ ئێمە دروستکردووە.
کێشەیەکی تر ئەوەیە کە ئێمە بەشداری خولی پلەدووەکانی عێڕاقیش دەکەین ئەمەیش پێویستی بەژمارەیەکی زیاتر یاریزان هەیە، کە ئێمە نەماتوانیوە یاریزانی زۆر بۆ تیپەکە بهێنین، لەگەڵ ئەوەیشدا گەشبینم بە تیپەکەم ئامانجمان ئەوەیە لە خولی پلەیەکی کوردستان و خولی پلە دووی عێڕاق ئەنجامی باشمان هەبێت.
سێ ساڵە یانەکە دامەزراوە
یانەی بابان لەساڵ ٢٠١٩ دامەزراوە لەنێو شاری سلێمانیە، یانەکە دوای دامەزراندنی بەشداری خولی یانە پلە دووەکانی کوردستانی کرد و خۆی گەیاندە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، ماوەی دوو وەرزە بەشداری خولی یانە پلە یەکەکان دەکات وەرزی ڕابردوو پلەی پێنجەمی کۆمەڵەکەی بەدەستهێنا، ئەم وەرزە ڕۆژی دووشەممە لەسەر یاریگەی چیا لەیاری لوتکەی گەڕی یەکەمی خولی یانەی پلە یەکەکان کوردستان میوانداری یانەی هەولێر دەکات و دواتر لەگەڕی دووەم ڕودەکاتە شاری هەولێر و ڕووبەڕووی یانەی زانکۆی جیهان دەبێتەوە کە ئەم وەرزە سەرکەوتووە بۆ خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان.